شوبات 22, 2019 11:50 Asia/Tehran
  • سەردار سولەیمانی: وەهابییەت هۆکاری دووبەرەکی و خوێنڕژان لە جیهانی ئیسلامە

فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: ئەو تەکفیرییانەی لە لایەن عەرەبستانەوە داکۆکییان لێ دەکرێ لە خاکی پاکستانەوە بە کردەوە دوژمنکارانەکانیان کێشەیان بۆ هەموو دراوسێکان لەوان هیندستان، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەش ناوەتەوە و پاکستان دەبێ لەو ڕاستییە باش تێبگات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سەردار سەرلەشکەر "قاسم سولەیمانی" ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێ و ڕەسمی زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی شارستانی بابول هەڵکەوتوو لە باکووری ئێران، بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە وەهابیەت هۆکاری دووبەرەکی و کوشت و کوشتار لە جیهانی ئیسلامدایە، راشکاوانە ڕایگەیاند: دەوڵەت و گەلی پاکستان نابێ ڕێگا بدەن پارەی عەرەبستان بگاتە دەستی تیرۆریستانی تەکفیری و پاکستان بکاتە دوژمنی هەموو جیهان.

فەرماندەری سوپای قودس وتی: ئێران دراوسێیەکی جێمتمانەیە بۆ پاکستان و هەرگیز هەڕەشە ناکات لە پاکستان، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەیەکی قورس دەستێنێتەوە لەو بەکرێگیراوە تەکفیرییانەی کە دەستیان سوور بووە بە خوێنی لاوانی ئێرانی.

سەردار سەرلەشکەر "قاسم سولەیمانی" بە ئاماژە بەوەی کە ئامانجی ڕژێمی سەعوودی تێکشێواندنی پاکستانە، جەختی کرد: دەوڵەت و سوپای پاکستان نابێ ڕێگا بدەن عەرەبستان بە چەن ملیار دۆلار پاکستان بداتە گژی دراوسێکانیدا، پاکستان دۆست و هاوڕێی ئێرانە و کەس مافی ئەوەی نییە  ئێران تاقی بکاتەوە.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو (١٣ی فێڤرییە) پاسێکی هەڵگری سنوورەوانانی ئێران لە جادەی "خاش _ زاهیدان" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان وەبەر پەلامار کەوت کە لەو پەلامارەدا ٢٧ سنوورەوان شەهید بوون و ١٣ سنوورەوانی دیکەیش بریندار بوون.گرووپی تیرۆریستیی ناسراو بە "جیش الظلم" بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارەی گرتۆتە ئەستۆ.

فەرماندەری سوپای قودس هەروەها بە ئاماژە بە توانا و دەسەڵاتی بەرچاوی کۆماری ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامدا راشکاوانە ڕایگەیاند: پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو کە گرووپە خۆڕاگرییە ئیسلامییەکان لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدا و شان و  شکۆ و توانا و دەسەڵاتی ڕژێمی زایۆنییان تێکشکاند.

 

سەرپەیڤ