ئادار 15, 2019 12:05 Asia/Tehran
  • بەردەوام بوونی دوژمنایەتییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە ژێر سێبەری مافی مرۆڤ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە باروودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان، دیسان بانگەشەی کرد باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران گەلێک نالەبارتر بووە.

ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بە بیانووی لێکدانەوەی باروودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان، بە شێوەی یەکلایەنە ئەم پرسەی شی کردۆتەوە و لە چوارچێوی بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆی مافی مرۆڤ پێناسە دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە بنەڕەتدا ڕاپۆرتی وڵاتێکی تایبەت نابێتە بنەما و پێوەر بۆ لێکدانەوەی باروودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی دیکەدا. لەم نێوانەدا ئەمریکا کە خۆی سەرچەشنی بنپێ کردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ هەم لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهاندایە، شیاوی ئەوە نییە کە سەبارەت بە باروودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی دیکە بیر و ڕا دەرببڕێ.

هەر لەم بوارەدا "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە باروودۆخی مافی مەۆڤ لە ئێران وتی: دەوڵەتی ئەمریکا گەورەترین بنپێکەری بەربڵاوی مافی گەلی ئێران بووە و بە داسەپاندنی بایکۆتی نایاسایی، یەکلایەنە  و واوەسنووری ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ پێشێل کردنی مافەکانی شاروومەندی ئێرانی ئەنجامی داوە.

ڕاستییەکەی ئەوەی کە چەمکی مافی مرۆڤ ئێستاکە وەکوو ئامرازێک بۆ ڕۆژاوا پێناسە دەکرێ بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوەوە لە پرسە مافەوانییەکاندا سەیاسەتەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.  ئەم ڕوانگەیە بەرامبەر بە پرسی مافی مرۆڤ بۆتە هۆی خۆوەردانی وڵاتانی رۆژاوایی لە کارو باری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە لەوان ئێران.

هاوکات لەگەڵ ڕەخنەی ئەمریکا لە باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پەرلەمانی ئەورووپایش ڕۆژی پێنجشەممە لە بڕیارنامەیەکدا باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە.

پەرلەمانی ئەورووپا لە کاتێکدا لە ستراتژییەکی دووفاقیدا دەستی کردە ڕەخنە و گازندە گرتن لە سزا درانی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە ئەوا چەن مانگێکە لە بنی گوێچکەی پەرلەمانی ئەورووپادا لە شەقامەکانی فەرەنسا بە نالەبارترین شێوازی گونجاو و بە چەکی قەدەغەی (فلەش باڵ- Flash-Ball) خەڵکی ئاسایی وەبەر پەلاماری پۆلیس دەکەون و لەوم نێوانەدا چاو و ئەندامانی دیکەی جەستەی ناڕازییان زەبری قورسی لێ کەوتووە.

بەردەوامیی داکۆکیی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا لە شەڕنانەوەی هاوپەیمانی سەعوودی لە یەمەن، بایەخ نەدان بە کوژرانی دڕندانەی "جەماڵ خاشووقچی" رۆژنامەوانی ڕەخنەگر لە حکومەتی سەعوودی، قەڵاچۆ کرانی خەڵکی فەلەستین لە سێبەری داکۆکیی سیاسی و سەربازی لە زایۆنییەکان، تەنیا چەن نموونەیەک لە ستراتژی دووفاقیی ڕۆژاوا بەرامبەر بە مەسەلەی مافی مرۆڤ دێنە ئەژمار.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەر ئەوەی سیاسەتێکی سەربەخۆی لە گۆڕەپانی نیودەوڵەتی گرتۆتە بەر، وەبەر ئەو شاڵاوی ئەو پەلامارە کەوتووە. بە واتایەکی دیکە مەسەلەی مافی مرۆڤ بووە بە بەستێنێک بۆ پڕوپاگەندەی ڕۆژاوا دژ بە ئێرانی سەربەخۆ. هەڵبژاردنی راپۆرتی تایبەت سەبارەت بە کاروباری مافی مرۆڤی ئیران و هەڵوێست نیشان دانی سیاسی لەم بوارەدا، هەر لەم چوارچێوەدایە.

"محەممەد جەواد لاریجانی" بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگەی دادی ئێران  بە ئاماژە بەوەی کە ئێران سیاسەتێکی تەواو ڕوونی بەرامبەر بە مەسەلەی مافی مرۆڤ هەیە و ئەم سیاسەتەش بەرەوڕوو بوونەوەی پرسەکان لە ڕێگای تەعامولێکی ئەرێنی و بە شێوەی چالاکانە و وەڵام دانەوەیەکی بەردەوامە، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستاکە ئەزموونی بێ وێنەی لە بواری مافی مرۆڤ بە دەست هێناوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای ڕوانگەی ئیسلامی و مافەوانی لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی خۆیدا پێبەند بە مافی مرۆڤە و ئەو مەسەلەیە پێناسە دەکات. ڕوانگەی مرۆیی ئێران بەرامبەر بە دەور و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگە و دەورگێڕانیان لە گۆرەپانە جۆربەجۆرەکاندا لەوان گۆڕەپانی سیاسی و وەرزشی پیشاندەری ئەوەیە کە ئێران لە ئاراستەی بەهێزتر کردنی مافی مرۆڤ هەنگاو هەڵدەگرێ و لایەنگری تەعامولە بەڵام نەیاری خۆوەردانی ڕۆژاو و ئەمریکا لە کاروباری ناخۆیی خۆیەتی بە بیانووی بەرگری لە مافی مرۆڤ  و بە هیچ لەونێ ناچێتە ژێر باری ئەو سیاسەتەی ڕۆژاوا.

سەرپەیڤ