نیسان 25, 2019 09:26 Asia/Tehran
  • زەریف: ئێران لە سەر ھەناردەکردنی نەوتی خۆی بەردەوام دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە پاش دیداری لەگەڵ «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران داوای کاردانەوە پیشاندانی کۆمەڵگای جیھانیی کرد بەرامبەر بە بڕیارەکانی یەک لایەنەو نایاسایی ئەمریکاو پێی داگرت: ئێران لە سەر ھەناردەکردنی نەوتی خۆی بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«موحەممەد جەواد زەریف»وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئێران قەت پێملی گوشارەکانی ئەمریکا نابێت، پێی داگرت: ئەمریکا ناتوانێت لە ڕێگای گوشارەوە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران مسۆگەر کات.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی کردە کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و وتیشی: ئەمریکا نەک ھەر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی پێشێل کردووە، بەڵکو داوا لە وڵاتانی دیکەش دەکات کە ئەم بڕیار نامەیە پێشێل کەن.

زەریف وتیشی: ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا کە کۆمەڵێک کەس بە ئاشکرا ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر بێتوو ڕەچاوی یاسا بکەن سزا دەدرێن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێبەند بوون بە ڕێککەوتن و بڕیارنامەکانی وەک بنەمای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لێک دایەوەو پێی داگرت: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ بەوپەڕی تواناوە لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی یەک لایەنە خوازانەی واشێنگتۆن بوەستێت.

دەوڵەتی ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە درێژەی ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئیدی بەخشینی بایکۆتەنەوتییەکان بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران درێژ ناکاتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشێنگتۆن بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بەخشینانە بەنیازە ناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سیفر.

ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا لەگەڵ ئیدانەکردنی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەو ڕوو بووەتەوە. زۆرێک لە وڵاتان لەوانە چین، عێراق، ڕووسیاو تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پەیڕەوی لەو خواستەی ئەمریکا ناکەن.

ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەمریکا بەڵێنی سیفرکردنی ئاستی ھەناردەی نەوتی ئێرانی داوە. دەوڵەتی ترەمپ لەپاش کشانەوە یەک لایەنەکەی لە ڕێککەوتنی بەرجامیش بەڵێنی دابوو کە ناردەی نەوتی ئێران ھەتا بەرلە ڕاپەڕێندرانی بایکۆتەکان دەگەیەنێتە ئاستی سیفرو کەچی پێی نەکرا.