کاربەدەستێکی ڕووسی: بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران هیچ دەسکەوتێکی نابێ
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بایکۆتە یەکلایەنەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بێ ئاکام و بێ دەسکەوت وەسف کرد.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ "سێرگەیی ڕیابکۆف" ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند؛ سیاسەتی زیاترین گوشاری ئەمریکا دژ بە ئێران هیچ دەسکەوتێکی نییە و پێشبینییەکانی واشینگتۆن لەم بارەوە گەلێک ساویلکانەیە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە پێداگری لە سەر پێویستیی دوور بوونی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە قەیران وتی؛ بە هۆی کردەوە و ئاکاری ئەمریکا کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکە گەلێک زیاتر بووە.
"دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە شێوەی یەکلایەنە بە بنپێ کردنی بەڵێنەکانی واشینگتۆن بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بردە دەرەوە و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند.
ئەو کردەوەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوویەوە.
''حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمدواییە لە کاردانەوە بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و سەر لە نوێ داسەپاندنەوەی بایکۆتەکان بە سەر ئێران، باسی راگرتنی فرۆشتنی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورسی ئێران بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژی کرد تا ئەورووپاییەکان لەم دەرفەتەدا کەمتەرخەمییەکانی خۆیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی قەرەبوو بکەنەوە.
بە پێی بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (١+٥) کە دواتر بە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا بوو بە (١+٤) ، ئێران دەتوانێ لە کاتی گەڕانەوەی بایکۆتەکاندا، ژمارێک لە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی خۆی کەم بکاتەوە.