May 24, 2019 09:43 Asia/Tehran
  • زەریف: بایکۆتەکانی ئەمریکا لە ئاراستەی تێکشێواندنی نەزم و دیسیپلینی جیهانیە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: بایکۆتەکانی ئەمریکا سێرەی لە نەزم و دیسیپلینی جیهانی ناوەتەوە.

"محەممەد جەواد زەریف" شەوی هەینی کە گەیشتە ئیسلامابادی پێتەختی پاکستان لە کۆڕی هەواڵنێراندا بە ئاماژە بەوەی کە راوێژ لەگەڵ دراوسێکان سەبارەت بە باروودۆخی دژواری ناوچەکە پێویستە، ڕایگەیاند: بێتوو بەرەنگاری بایکۆتەکانی ئەمریکا نەبینیەوە، کۆمەڵگەی جیهانی تووش دەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە کردەوە ملهوڕانەکانی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی بایکۆتەکانی بە سەر ئێران و چین، جەختی کرد: بێتوو کۆمەڵگەی جیهانی ڕێگا بدات ئە وکردەوانە بەردەوام بن، لە راستیدا سیستەمی پێوەندیی جیهانی دەکەوێتە دەستی کەسانێکەوە کە پێبەند بە هیچ یاسایەک نین.

زەریف وتی: هەر لەبەر ئەوە دراوسێکانی ئێران و سەرجەم وڵاتان پێویستیان بەوەیە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی و هەروەها قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەرامبەر بە بایکۆتەکانی ئەمریکا راوەستن.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها راشیگەیاند: ناوچەکە باروودۆخی دژواری بە سەر داسەپاوە و کردەوەگەلێکی پڕمەترسی لە جێبەجێ کراندان کە پێویستە لەم بارەوە لەگەڵ دراوسێکان وتووێژ و راوێژ بکرێ.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی راوێژە ئاسییاییەکانیدا شەوی هەینی گەیشتە ئیسلام ئابادای پێتەختی پاکستان.

وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستانی دیدار بکات و لەگەڵ ئەوان سەبارەت بە پێوەندیی دوولایەنە و هەروەها پرسەکانی ناوچە و جیهان بیر و ڕا بگۆڕێتەوە.

سەرپەیڤ