ته‌مووز 03, 2019 14:51 Asia/Tehran
  • ڕێبەری باڵای شۆڕش: حکومەتی سەعودیا بێ ئەوەی ڕێوڕەسمی حەج بەئاسایشی بکا، کەشێکی هێمن بێنێتەدی و کەرامەتی حاجیان بپارێزێ

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدیداری کاربەدەستان و هەڵسوڕێنەرانی کاروباری حەجی ئێران پێی داگرت: حکومەتی سەعودیا ئەرک و بەرپرسایەتی قورسی لەسەرشانە بۆ دابین کردنی ئاسایشی زیارەتکاران بێ ئەوەی کەشەکە بەئەمنی بکاو هەروەها پێویستە حورمەت و کەرامەتی حاجیان بپارێزێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەو دیدارەدا، بەئاماژە بە بوونی چەمک و واتای سیاسیی پێویستی وەک وەحدەت، بەرەڤانی لە ستەملێکراوان و بەرائەت لە موشریکان لە حەج پێی داگرت: یەکێتی، داکۆکی لە مەزلومانێکی وەک گەلی فەلەستین و خەڵکی یەمەن و یان بەرائەت لە موشرکین، گشتیان کاروبارگەلی سیاسی و بەگوێرەی ئامۆژگارییەکانی دینی ئیسلامن بۆیە ڕەهەندە سیاسیەکانی حەج، هەمان تەکلیف و ئەرکی دینی و عەبدایەتییە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها فەرمووی: لەپاڵ بزاڤە سیاسییە دینیەکان، کردەی سیاسی نادینی و شەیتانیش ئەنجام دەگرێ، بۆ وێنە ئەوەی کە بێژن لە ڕێوڕەسمی حەجدا ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەمریکا دەرنەبڕن و یان لە موشرکین بەرائەت نەکەن.

بەڕێزیان فەرمووی: بەرائەت لە موشرکین فەریزەیەک و واجبێکی ئیسلامی و کارێکی پێویستە، بۆیە ئێمە سورین لەسەر ئەوەی ئەو ڕێوڕەسمە هەموو ساڵێک، بەباشترین شێوە ئەنجام بگرێ.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بە دوژمنیی قووڵی ئەمریکاو ملهوڕانی دیکە لەگەڵ ڕاستییە ئیسلامییەکاندا، فەرمووی: هێرش و پەلاماری دڕندانەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابوری و ئاسایشیی زۆربێژانی جیهانی بۆسەر گەلانی موسڵمان پێشاندەری قووڵیی دوژمنایەتی ئەوان لەگەڵ ئامۆژگارییە ئیسلامییەکانە.

بەڕێزیان، ڕاستییەکان و مەعارفی ئیسلامی دژ بە خووخدەی زاڵمانەی ملهوڕان زانی و فەرمووی: پێبەندبوونی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بەبنەماکان و شەریعەتی ئیسلام و ملکەچ نەبوون لەهەمبەر زۆربێژییەکاندا، دەبێتەمایەی سەرکەوتن و پێشکەوتن و بەمەسڵەحەت و ڕزگاریی ئۆممەتی ئیسلامییە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەئاماژە بەوەی کە هەوڵ و تێکۆشان و خەبات و هاوکاریی  پێویستە بۆ هاتنەدی داهاتوویەکی هاوڕێ لەگەڵ پێشکەوتن و مەزنایەتی موسڵمانان، و پێی داگرت: بەلوتف و کەرەمی خوداوەند، دوژمنانی دڕندەو هۆڤانەی گەلی ئێران و ئۆممەتی ئیسلامی سەرەنجام ناچار دەبن لەهەمبەر ئیسلامدا بەچٶکدابێن.