ته‌مووز 15, 2019 16:03 Asia/Tehran
  • موسەوی: ئەمریکییەکان نیگەرانی کارتێکەریی زەریف لەسەر بیروڕای گشتیی جیهانن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاردانەوە بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تەگەرەنانەوە لەبەردەم سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ نیۆیۆرک وتی: ئەمریکییەکان نیگەرانی کارتێکەریی سەفەرە کاریەکانی وەزیری دەرەوەی ئێرانن لەسەر بیروڕای گشتیی ئەمریکاو جیهاندا.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەی واشنگتۆن پۆستدا وتی: "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی دێتە ڕێکخراوی نەتەوەکان بەڵام جم و جۆڵەکانی بەڕادەیەکی بەرچاو کەم دەکرێ.

بەقسەی پۆمپێئۆ ، زەریف تەنیا دەتوانێ لەنێوان بنکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان و شەش چوار ڕێی نزیک شوێنی مانەوەی نوێنەری ئێران لەهاتووچۆ دابێ.

"سەید عەبباس موسەوی" سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی بەرتەسکی دانان لەبەردەم سەفەری کاریی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ نیۆیۆرک، وتی: کەند و کۆسپ دانان و بەرتەسک کردنەوەی ئامادەبوون لە ژمارێک شەقامی نیۆیۆرک کارتێکەریی نییە لەسەر بەرنامە کاریەکانی وەزیری دەرەوە.

موسەوی وتیشی: زەریف هەردەم لە بنکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان و نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئێران لەهاتووچۆدایەو هەموو دیدار و دیمانە و وتاردانەکانی لەو شوێنانە ئەنجام دەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداربوون لەدانیشتنی ئەنجومەنی ئابوریی-کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووەو جەخت لەوە دەکا کە هەموو دیدار و دیمانە دوو قۆڵییەکان لەچوارچێوەی بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکاندا دیزاین کراوەو پلانی بۆدانراوە.

ئەمریکاو ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕێککەوتننامەیەکیان مۆرکردووە کە تێیدا دەبێ بۆ دیپلۆماتە دەرەوەییەکان بارودۆخی ئامادەبوون لە نیۆیۆرک خۆش بکرێ.