ته‌مووز 15, 2019 17:03 Asia/Tehran
  • دانپێدانانی بەرپرسانی حکومەتیی ئەمریکاو فەڕانسە: ئێران دەبێ سود وەربگرێ لە بەرژەوەندییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وەزیری وزەی حکومەتی پێشووی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە پێویستە لەپێناو سودوەرگرتنی ئێران لە بەرژەوەندییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵ بدرێ.

"ئێرنێست مونیز" لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەمریکیی سی ئێن ئێندا وتی: هەوڵە ناڤۆکییەکانی ئەم دواییەی ئێران هەڵگری ئەو پەیامەیە بەتایبەت بۆ ئوروپاییەکان کە دەبێ ڕێکارێک بۆ دابین کرانی ئەو بەرژەوەندییە ئابورییانەی تاران لێی بێ بەش بووە، بدۆزێتەوەو درێژەی دۆخی ئێستا، مومکین نییە.

مونیز وتیشی: بێگومان هیچ سەنەدو بەڵگەیەک لەئارادانییە لەمەڕ ئەوەی کە ئێران لەهەوڵی دروست کردنی چەکی ناڤۆکییە و هیچ نیشانەیەک لەوبارەوە لەئێران بەرچاو ناکەوێ.

ئەندامی باڵای تیمی ئەمریکیی دانوستانی ناڤۆکی وتی: حکومەتی ترامپ وێڕای چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەتوندی دەستی کردووە بە ئەنجامدانی کردەی دژە ئێرانی و ئێران دەبێژێ کە بەهۆی ئەو کردانەی واشنگتۆن، لە بەرژەوەندییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ بەش بووە. هەروەها بەرپرسێکی پێشووی فەڕەنسا جەختی لەوە کرد کە ئێران پێبەندە بە بەڵێنیەکانی و ئەمریکا تێکدەری ڕێککەوتنی ئەتۆمییە.

ژەنەرال "دۆمینیک ترنکن" ڕاوێژکاری سەربازیی پێشووی فەڕانسە لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی فرانس-٢٤، ئەمریکای بەهۆکاری سەرەکیی شێواندنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی زانی و وتی: ئێران بەپشت ڕاست کردنەوەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی هەردەم بەڵێنیە ناڤۆکییەکانی خۆی لەبەرچاو گرتووە.

ترنکن لەبارەی هۆی کەمکردنەوەی ڕادەی بەڵێنیەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئەگەر بمانەوێ مونسیف بین، ئەوە ئەمریکییەکان بوون کە لەڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران کشانەوەو کاریان گەیاندە ئەو جێگەیە.

ماوەیەک لەمەوبەریش "دۆمینیک دۆ ویلپەن" سەرۆک وەزیرانی پێشووی فەڕانسە وتی: ترامپ پیویستی بەڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە چونکە دەیەوێ پێشانی بیروڕای گشتی بدات کە دەتوانێ بۆ خەڵکی ئەمریکا لەباری دیپلۆماتیکیەوە سەرکەوتن بەدەست بێنێ.

دۆ ویلپەن هەروەها وتی: زۆری نەماوە هەتا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکاو ترامپ لەهەوڵدایە لەگەڵ ئێران ڕێککەوێ.

حکومەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەشتی مای٢٠١٨ بەشێوەی یەکلایەنە ئەو وڵاتەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوەو بایکۆتە هەڵپەسێردراوەکانی هاوپێوەند بەو ڕێککەوتنەی داسەپاندەوە.

بڕیاری ترامپ بۆ سەپاندنی دوبارەی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا، لەگەڵ نەیارەتی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەوڕوو بووەو جگە لە رژیمی زایۆنی و ژمارێک وڵاتی عەرەب، کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵیدا نەیارەتی کردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران حەوتی ژولای پاش پشوودرێژی ستراتژیک لەهەمبەر چوونەدەری ئەمریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی و دوابەدوای پێبەند نەبوونی لایەنە ئوروپییەکان بە بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دابین نەبوونی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەو ڕێککەوتنەدا، هەنگاوی دووهەمی کەمکردنی بەڵێنەکانی جێ بەجێ کردو پرۆسەی پیتاندنی ٣.٦٧ لەسەتی یۆرانیۆمی دەسپێکرد.

سەرپەیڤ