ته‌مووز 16, 2019 07:50 Asia/Tehran
  • زەریف: لە بەرگری کردن لە خۆمان تەواو دڵنیاین

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: ئێمە لە دووی شەڕ و کێشە نانەوە نین، بەڵام بێتوو دەسدرێژیمان بکرێتە سەر بێ سێ و دوو بەرگری دەکەین لە خۆمان.

"محەممەد جەواد زەریف کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کاربەدەستانی باڵای ئەنجومەنی ئابووری - کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی ئەمریکایی "ئن بی سی" بە ئاماژە بە بێ ئاکام بوونی هەڕەشە و گوڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران  بە بڕ و بیانووی جۆربەجۆر وتی: بێتوو ئەمریکا نەزانی بکات و دەسدرێژی بکاتە سەر ئێران، کۆماری ئیسلامتیی ئێران بۆ بەرگری کردن لە خۆی بە هەموو تواناوە دێتە مەیدانەوە.

 وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وتی: ئەمریکا بە بایکۆت کردن و وەبن گوشار خستنی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا تەنیا هەر خۆی لە بازاڕی گەورەی ئێران بێوەری کردووە.

زەریف وتی: بژاردەی ئێمە خۆڕاگری بەرامبەر بە هەر چەشنە گوشارە، بەڵام بێتوو ئەمریکا لە دووی ڕێگایەکی درووست و ئاوەزمەندانە بۆ چوونەدەر لەم ڕەوشە بێ، ئەو کات ڕێگاچارەیش لە ئاردا دەبێ.

بڕیارە زەریف پاش نیۆیۆرک بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان سەردانی وڵاتی ڤەنیزۆئیلا بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها پاش ڤەنیزۆئیلا بۆ ئەنجام دانی چەندین دیداری دوولایەنە سەردانی وڵاتانی نیکاراگۆڤا و بولیڤیا لە ئەمریکای باشوور دەکات.

سەرپەیڤ