ئاب 12, 2019 01:35 Asia/Tehran
  • قوربان؛ جێژنی ئیبراھیمی خەلیلە

ئه‌مڕۆ ڕێکه‌وته‌ له‌گه‌ڵ جێژنی پیرۆزی قوربان و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ سه‌رانسه‌ری ئێرانی ئیسلامی نوقمی جێژن و شادییه‌ .

قوربان؛ جێژنی ئیبراھیمە و بە ئیبراھیم بوون، واز ھێنان لە ھەست و نەستی دنیایی و ئاوێتە بون لە گەڵ یاردا.قوربان؛ جێژنی ئەویندارانە و جێژنی ئەو دڵانەی کە چۆڵگەی خۆشەویستی تاقانەیە.جێژنی قوربان لە ھەموو ڕێڕەوانی ئیبراھیمی خەلیل موبارەک و پیرۆز بێت.

لە جەژنی قورباندا ئەو حاجییانەی کە زیارەتی ماڵی خودایان کردووە بە فەرمانی خواوەند و بۆ دەس خستنی ڕەزامەندیی ئەو قوربانی دەکەن و یاد و بیرەوەریی پێغەمبەری گەورەی ئیلاهی حەزرەتی ئیبراهیم بەرز و زیندوو ڕادەگرن.

خواوەند بۆ تاقی کردنەوەی ئیمان و ئیخلاس ئەو فەرمانبەرێتییەی خستە ئەستۆی حەزرەتی ئیبراهیم (ع) کە کوڕەکەی واتە حەزرەتی ئیسماعیل (ع) لە ڕێگای خودا قوربانی بکات. حەزرەتی ئیبراهیم وێرای دژوار بوونی ئەو فەرمانبەرێتییە ئیلاهییە، ڕازی بوو بە بەجێ هێنانی و خۆی ئامادە کرد بۆ جێبەجێ کردنی، بەڵام هەرچی کرد چەقۆ گەرووی حەزرەتی ئیسماعیلی نەبڕی. هەر لەو کاتەدا بوو کە وەحی کرا بە حەزرەتی ئیبراهیم (ع) کە لەو تاقیکارییە ئیلاهییەدا بە سەربەرزی دەرباز بووە ، پاشان مەڕێک نێردرایە خوارەوە تا ئەو مەڕە لە جیاتی حەزرەتی ئیسماعیل(ع) قوربانی بکات.

جێژنی قوربان، جێژنێکە تایبەتە بە ھەموو موسڵمانان کە تێیدا گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و بە شیرینی دەمی یەکتر شیرین دەکەن ، جیاوازییەکی تر ئەوەیە کە لەم جەژنەدا زۆر دەکرێت ئەویش خێر و قورباییە ، جەژنەکە ڕۆژێکی کە حاجیان لەو ڕۆژەدا لە کێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە ، لەو ڕۆژە مووسڵمانان بەیانیەکەی دەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جێژن و دەست دەکەن بە تەکبیر لێدان.

قوربانی کردن و بەخشین لە جێژنەکە

ئەم بەسەرهاتە پڕ پەند و ئامۆژگارییە وانەی لە خۆبردوویی، زاڵ بوون بەسەر هەوای نەفس و تەسلیم بوون بەرامبەر بە فەرمانی خودای گەورەیە. هەر لە بەوە ئەوەش موسڵمانانی جیهان ڕێز دەگرن لە ڕۆژی دەیەمی زیحەجە وەکوو جەژنێکی گەورە و بەشکۆی ئیسلامی و وانەی ئیخلاس و عەبدایەتی لێ فێر دەبن.

ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەژنی قوربان لە هەموو موسڵمانانی جیهان پیرۆزبایی دەکات.

 

 

 

 

سەرپەیڤ