ئاب 14, 2019 07:49 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: دەبێ بەو پەڕی دەستەڵاتەوە لە بەرامبەر پیلانی سەعودییەکان و ئیماراتییەکان بۆ دابەشکردنی یەمەن خۆڕاگری بکرێت

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە دیداری شاندێکی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە سەعودییەکان و ئیماراتییەکان بە دووی دابەشکردنی یەمەن دان، وتیشی:دەبێ بەو پەڕی دەستەڵاتەوە لە بەرامبەر ئاوا پیلانێکدا خۆڕاگری بکرێت و پشتی سەروەری و یەکگرتوویی یەمەن بگیردرێت.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئێوارەی دوێنێ سێ شەممە لەم دیدارەدا وێڕای ستایش کردنی باوەڕو خۆڕاگری و زیرەکی و ورەی جیهادیی جەماوەری یەمەن لە بەرامبەر دەست درێژکاریی دڕندانەو بەربڵاوی سەعودییەکان و ئیماراتییەکان و لایەنگرەکانیان، جەختی کرد: پاراستنی سەروەریی یەمەن بە سەرنجدانی بیروباوەڕی دینی و هۆزە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە پێویستی بە وتووێژو یەکخستنەوەی نێوماڵی یەمەنە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: جەماوەری یەمەن بە شارستانییەتی قوڵ و لەمێژینەی خۆیان و بە ورەی خەباتگێڕانەو بەرخۆدانیان کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا لە خۆیان پیشانیان داوە، داهاتوویەکی باشیان لە بەردەم دایەو دەوڵەتێکی هێزمەند پێک دێنن و لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەش دا بە گەشەو پێشکەوتن دەگەن.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە هەڵوێستی دژی ئەمریکی و دژی عەرەبیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشی داگرت: ئەم هەڵوێستانەش لە سەر بنەمای دەمارگرژی نین، بەڵکو بە پێی هێندێک ڕاستی و کردەوەی کاربەدەستانی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە کە بە ڕواڵەتێکی مرۆڤی و مەدەنی و ئاکاری دزێوترین تاوان ئەنجام دەدەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها خەمساردیی دنیای ڕۆژئاوا بەرامبەر بەو دڕندەکارییانەی کە لە یەمەن و فەلەستین دا ڕوو دەدەن،وەک نمونەیەکی ڕاستییەکانی دنیای ئەمڕۆ هێنایە ئەژمار.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها وێڕای ڕاگەیاندنی پشتگری لە خەباتی ئافرەتان و پیاوانی بڕوادارو خۆڕاگری یەمەن، وتیشی: دەبێ لەگەڵ ئەو دەستەڵاتە تاوانکارانەدا بە هێزی ئیمان و بەرخۆدان و پشت بەستن بە نوسرەت و سەرکەوتنی ئیلاهی بەرەوڕوو بینەوەو ئەمەش تاکە ڕێگایە.

لە سەرەتای ئەم دیدارەدا  موحەممەد عەبدولمەلیک بەدەرەدین وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وێڕای پێشکەشکردنی نامەی سەیید عەبدولمەلیک بەدەرەدین ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بە حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: جەماوەری یەمەن کە لە هەل و مەرجێکی زۆر دژواردا بەسەر دەبەن، بە دەستی بەتاڵ و هەڵبەت بەو پەڕی ئیمان و بڕوایەکی پتەوەوە لە بەرامبەر دەست درێژکاریی حەڤدە دەوڵەت دا وەستاون.

عەبدوسسەلام وتیشی: بەڵێنتان دەدەینێ کە گەلی یەمەن یەکانگیرو یەکدەست لە سەر بەرخۆدان و خۆڕاگریی خۆیان لە بەرامبەر ستەم و دەست درێژکاری دا هەتا گەییشتن بە سەرکەوتن بەردەوام بن.