ئاب 14, 2019 10:51 Asia/Tehran
  • زەریف: جەماوەری ناوچەکەو جیھان پێناوداری بەرخۆدانی حیزبوڵڵای لوبنانن

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە جەماوەری ناوچەکەو جیھان پێناوداری بەرخۆدانی گەلی لوبنان و خۆڕاگریی ئیسلامیی ئەم وڵاتە وحیزبوڵڵان، وتیشی: ئەوانە لە بەرامبەر پاوانخوازییەکانی ئیسرائیل و ھەروەھا تاقمی تیرۆریستی داعش کە ھەڕەشەی لە تەواوی دنیا دەکرد، خۆڕاگرییان نواند.

«موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژی لەگەڵ بنکەی ھەواڵدەریی ئەلعەھدی لوبنان کە ڕۆژی سێ شەممە بڵاو کرایەوە ، وێڕای پیرۆز کردنی سیانزەھەمین ساڵگەڕی سەرکەوتنی خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنان لە بەرامبەر ڕژێمی زایونی لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا، پێی داگرت: گەل و خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنان ئەم ڕاستییەیان سەلماند کە ڕژێمی زایونیش بۆی ھەیە شکست بێنێ.

زەریف بە دەربڕینی ئەمەی کە سەرکەوتنی خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنان لە بەرامبەر ڕژێمی زایونی لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا، سەرکەوتن بۆ سەرتاسەری ناوچەکەو مافی نێونەتەوەیی و پەیوەندییە ئاشتی خوازانە نێونەتەوەییەکانە، وتیشی: جەماوەری لوبنان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ڕژێمی زایونی ناتوانێ بۆ شەڕھەڵایساندن و ڕشتنی خوێنی گەلانی ناوچەکە ھەرچییەکی پێ خۆشە، بیکات.

شەڕی ٣٣ ڕۆژەی نێوان لەشکریانی ڕژێمی زایونی و ھێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ژوئیەی ٢٠٠٦ دەستی پێ کراو لە ١٤ی ئوتی ھەمان ساڵ دا بە سەرکەوتنی حیزبوڵڵای لوبنان کۆتایی ھات.

ڕژێمی زایونی لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا بە شکست ھێنان و لێکەوتنی زیانێکی قورس لەم شەڕەدا پاشەکشەی کرد.