ئاب 14, 2019 11:08 Asia/Tehran
  • جبللی: سەیید حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەرێکی بوێرو زیرەکە و ھێمایەکە بۆ تەواوی جیھان

جێگری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور، شەوی چوارشەممە لە ئاھەنگی پەردەلادان لە کۆمەڵە بەڵگەفیلمی «چیرۆکی خۆڕاگری» لە تاراندا، ئاماژەی کردە ڕێبەرایەتیی تەگبیرمەندانەی سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەداو وتی:سەیید حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەرێکی بوێرو زیرەکە و ھێمایەکە بۆ تەواوی جیھان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «پەیمان جبللی» جێگری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور، بە دەربڕینی ئەمەی کە سێ مانگ بەرلە دەست پێ بوونی دەستدرێژکاریی ڕژێمی زایونی بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا ھاوپەیمانییەک لە نێوان مەسیحییەکانی لوبنان و حیزبوڵڵا پێکھات، وتیشی:ئەم ھاوپەیمانییە مێژووییە ڕۆڵێکی کارای لە سەرکەوتنی لوبنان لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا ھەبوو.

جبللی وێڕای ئاماژە کردن بە بوێرییەکانی جەماوەری لوبنان و ھێزەکانی خۆڕاگری لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا وتیشی: ئیسرائیل ئاواتی داگیرکردنی چەند مەترێک لە خاکی لوبنانی لەو شەڕەدا بردە گۆڕ.

«پەیمان جبللی» جێگری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور، لەم ئاھەنگەدا تیشکی خستە سەر کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە سەر پێکھاتنی ڕاچەنینی ئیسلامی و بەرەی خۆڕاگریش و وتی: ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی بە چڕگەی ڕاچەنینی ئیسلامی بزانین، شەڕی ٣٣ ڕۆژە چڕگەی ھێڵی سەرکەوتنی خۆڕاگری لە سەردەمی ئێستادایە.

شەڕی ٣٣ ڕۆژەی نێوان لەشکریانی ڕژێمی زایونی و ھێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە ژوئیەی ٢٠٠٦ دەستی پێ کراو لە ١٤ی ئوتی ھەمان ساڵ دا بە سەرکەوتنی حیزبوڵڵای لوبنان کۆتایی ھات.

ڕژێمی زایونی لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا بە شکست ھێنان و لێکەوتنی زیانێکی قورس لەم شەڕەدا پاشەکشەی کرد.