ئاب 15, 2019 18:51 Asia/Tehran
  • سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران : ھۆزەکانی ئێران خاوەنی مافی شارومەندایەتین

سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە نێو ئاپۆڕەی خەڵک و بلیمەتان و لەخۆبردووانی پارێزگای کوردستان وتی: پرسی مافی شارومەندایەتی مافێکە کە خودا بە ھەموو شارومەندانی داوەو تەواوی ھۆزەکان لەوانە کورد و تورک و لوڕو بەلوچ و فارس لەم لوتفەی پەروەردگار بەھرەمەندن.

ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی بەرنگار بوونەوەی قاچاخی کاڵاو شت و مەک و دراڤ وتی: ئەمە بە واتای بەرنگار بوونەوەی کۆڵبەری نییە، بەڵکو بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چەشنی قاچاخی گەڵاڵە بۆ کراوی کاڵاو دراڤەو لە لایەکی دیکەشەوە کۆڵبەری دەبێ بە پێی بەرنامەی جۆربەجۆر ڕێکخستنی بۆ بکرێت.

ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران وتیشی: یەکگرتن بابەتێکی ھەرە گرینگە لە ناوچەی کوردستان کە خوداوەندی مەزن بە ھۆی وەدمی پیرۆزی ئیمامی کۆچکردوومان و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کردوویەتی بە خەڵاتی خەڵکی ئەم ناوچەیە و ھەر لە بەر پارێزرانی ئەم یەکگرتنەشە کە خەڵک قەت ناکەونە ژێر کاریگەریی چەواشەکارییەکانی دوژمنەوە.

بەڕێزی وێڕای یاد کردنی شەھید مامۆستا موحەممەد شێخولئیسلامی مامۆستای ئایینیی ناوداری کورد وتیشی: ناسیاری پەیدا کردنی ھەرچی زیاتر لەگەڵ تەڵەکەی دوژمن و کلتوورو بنەما ئایینییەکان و شێوازی بیرکردنەوەی تەکفیری و لادەرانە گەلێک گرینگە کە بەختەوەرانە جەماوەری کورد لە مێژە ناسیارییان لە بارەی ئەم بابەتانەوە ھەیە.

ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران وتیشی: پارێزگای فەرھەنگی و ڕۆشنبیری ناوێک بوو کە کوردستان لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە پێی ڕازێندرایەوەو ھێماکەشی لە ھونەر، ھەڵبەست ، پەخشان ، خۆڕاگریی و ڕاوەستان لە بەرامبەر دوژمن ڕەنگی داوەتەوەو بووەتە ترۆپکی تایبەتمەندییەکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە.

ناوبراو پێشی داگرت: دەبێ ستایشی خەباتی لەخۆبردووان و جەنگاوەران و تەواوی ئەو کەسانە بکرێت کە لە بست بە بستی کوردستاندا بوون بە سەرچاوەی گەلێک ڕاژەکاری و خزمەتگوزاری.

ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران لە بارەی بارستاییەکانی پارێزگای کوردستانیش وتی: خوداوەند لەم  مەڵبەندەدا پاشەکەوتی زۆری داناوە لەوانە کانزاو کەش و ھەوای دڵڕفێن و ھێزی مرۆڤیی لێوەشاوەو کارامەو بەم پێیە دەبێ ئابوورییەکەشی بە جۆرێک چالاک کەین و بیبووژێنینەوە کە نەک ھەر بێکاریی لاوەکانی بە خۆیەوە نەبینێت، بەڵکو بەستێن بۆ ئیش و کاری ھێزە مرۆڤییەکانی ناوچەکانی دیکەش خۆش کات.

ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراھیم ڕەییسی سەرۆکی ھێزی دادەڤانیی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە سەردانی پارێزگای کوردستانی کردووە.