ئاب 22, 2019 11:40 Asia/Tehran
  • موحەممەد جەواد زەریف : ئێران بۆ بەرەڤانی کردن لە خۆی بە کەسەوە نەبەستراوەتەوە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:کۆماری ئیسلامیی ئێران فڕۆکەبێ فڕۆکەوانە پێشکەوتووەکەی ئەمریکای بە چەکێکی تەواو خۆماڵی خستووەتە خوارەوەو ئەمەش ئەوەی دەرخستووە کە ئێران بۆ بەرەڤانی کردن لە خۆی پشتی بە کەس نەبەستووە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەوی پێنج شەممە لە نێو ئاپۆڕەی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئۆسلۆی پێتەختی نەرویژ ئاماژەی کردە کڕینی ملیاران دۆلار چەک و چۆڵی سەربازی لە لایەن عەرەبستان و ئیماراتەوەو پێی داگرت:کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت ماوەی ئەوە نادات کە بستێک لە ئاووخاکی ئەم وڵاتە بکەوێتە دەستی بیانییەکان.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دووفاقانەی ڕۆژئاواو ئەمریکا لە ئاستی ئێران، وتیشی: ئەوانە لە لایەکەوە ئێرانیان لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و توانایی بەرەڤانییەوە خستووەتە ژێر زەخت و گوشارو بایکۆتەوەو لە لایەکی دیکەوە بانگەشەی دانوستان دەکەن و بەو بایکۆتانەیان مافی گەلی ئێران پێشێل دەکەن.

موحەممەد جەواد زەریف تیشکی خستە سەر پێشێلکرانی ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی ناڤۆکیی بەرجام لە لایەن ئەمریکاوەو وتیشی: ئەمریکییەکان بەوپەڕی ملھوڕییەوە خۆیانیان لە ڕێککەوتنی بەرجام دزییەوەو بەو بایکۆتانەیان تیرۆریزمی ئابوورییان دژی گەلی ئێران بەکار ھێنا.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وڵاتانی ئەورووپیش لە بەر ھەڵس و کەوتی دووفاقانەیان لە بارەی میکانیزمی تایبەتی سات و سەوداو بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە« ئینیستێکس» ڕەخنەی گرت و وتی: کۆمپانیا ئەورووپییەکان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەبێ مۆڵەت لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا وەربگرن کە دیارە ئەم بابەتە لە ئەنجام دا بە زیانی ئەورووپییەکان دەشکێتەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەروەھا ئاماژەی کردە خەباتی ئێران لەدژی تیرۆریزم لە ناوچەکەداو وتیشی: لە ڕەوتی خەباتی دژی تیرۆریزم دا شێعەو سوننەو عەرەب و کورد و نەتەوەکانی دیکە بۆ ئێران فەرقیان نییەو کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بوارەدا یارمەتیی تەواوی گەلانی ناوچەکە دەدات.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھەروەھا شی کردنەوەی سیاسەتەکانی تاران لە ھەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا سەردانی چوار وڵاتی ئەورووپیی کردووە.