ئاب 23, 2019 19:06 Asia/Tehran
  • زەریف: وتووێژ لەگەڵ مەکرۆندا ئەرێنی بوو

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڕانسە بە شیاو ناوبرد و وتی: ئەو وتووێژە لەدرێژەی پەیوەندییە تەلەیفونییەکانی سەرۆک کۆمارانی دوو وڵات لەچەند حەوتەی ڕابردوودا ئەنجامی گرت.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران پاش دیدار لەگەڵ "ئێمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە نێو کۆڕی پەیامنێراندا لەپاریس، وتی: دوولایەن لەو چاوپێکەوتنەدا چەند پێشنیارێکیان خستەڕوو لەبارەی چۆنیەتی جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چەند هەنگاوێک کە پێویستە دوولایەن هەڵیگرن.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وتی: یەکێتی ئوروپا دەبێ پێبەند بێ بە وادەکانی لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەروەها ئەو بەڵێنیانەی پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داویەتی.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی پێنج شەممە بەمەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسی ، لە "ئۆسلۆ"ی پایتەختی نەرویژ بەرەو پاریسی پایتەختی فەڕانسە کەوتەڕێ.

ئێران بەپێداگری لەسەر درێژەی کەمکردنی وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی خۆی، ڕایگەیاندووە، ئەو هەوڵانە قەرەبوو دەکرێنەوە بێتوو هاوبەشەکانیان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەنگاوگەلی پێویست هەڵبگرن بۆ جێ بەجێ کردنی وادەکانیان.

یەک لە وادەی بەڵێندراوی ئوروپییەکان لەڕەوتی دانوستان لەگەڵ ئێران پاش چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە هێشتا بەکردەیی نەکراوە، "ئینستێکس"ـە.