ئاب 26, 2019 16:15 Asia/Tehran
  • وتەبێژی دەوڵەتی ئێران: رژیمی ئیسرائیل دەبێ شوێنهاتی کردە دەسدرێژکارانەکانی قەبووڵ بکا

وتەبێژی دەوڵەتی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی دەسدرێژکاریەکانی رژیمی ئیسرائیل بە سوریا، لوبنان و عێراق پێی داگرت: رژیمی زایۆنی دەبێ شوێنهاتی کردەگەلی دەسدرێژکارانەی خۆی قەبووڵ بکات.

"عەلی رەبیعی" وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا، بەئاماژە بەوەی کە رژیمی زایۆنی نابێ کەڵکی ناڕەوا وەربگرێ لە دانبەخۆداگرتنی خەڵکی ناوچە، وتی: ئێران داکۆکی دەکا لەمافی بەرەڤانی ڕەوای گەلانی عێراق، سوریاو لوبنان.

رەبیعی وشداریی "سەیید حەسەن نەسروڵڵا" سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بە رژیمی زایۆنی بە پەیامێکی شێلگیرانە بۆ دەسدرێژکاران زانی و وتی: رژیمی زایۆنی لەچەند مانگی ڕابردوودا، یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانی رووهەڵماڵاوانە پێشێل کردووە.

وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لەبارەی دەسدرێژکاریی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رژیمی زایۆنی بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبیی عێراقیش وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران درێخی ناکا لەهەر یارمەتییەک بە گەلی عێراق بۆ بەرەوڕووبوونەوەی دەسدرێژکاریەکانی رژیمی زایۆنی.

رەبیعی هەروەها بەئاماژە بە دۆخی نەوتبەری ئێرانیی"گریسی یەک" وتی: ئێران، نەوتی ئەو کەشتییەی فرۆشتووەو ئێستا خاوەن و کڕیاری نەوتەکە خۆی بڕیاردەدا کە ئامانجی بارەکەی چ شوێنێک بێ.

وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ئاماژەشی کردە سەفەری "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ فەرانسەو وتی: سەفەری زەریف هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە کۆبوونەوەکانی سەرانی گرووپی حەوت و لەسەر داوای فەڕانسە ئەنجامی گرت.

رەبیعی پێی داگرت: ئێران هۆگری دیدار و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی نییە.

سەرپەیڤ