ئه‌یلوول 07, 2019 00:08 Asia/Tehran
  • دەس پێ بوونی هەنگاوی سێهەم، کاردانەوەی ئێرانە بەرامبەر بە لە قیسپ دانی هەلەکان لەلایان ئەورووپاوە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی بەڕێوە چوونی هەنگاوی سێهەمی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ئێران لە 6ی سێپتەمبەری 2019دا، گوتی: دەرفەتێکی 60 ڕۆژەی دیکە لە بەردەم ئەورووپیەکانە و هەرکات بگەڕێنەوە سەر بەڵێنەکانیان، ئێرانیش گەڕانەوەی بۆ دەبێت.

حەسەن ڕوحانی گوتیشی: لە چوارچێوەی هەنگاوی سێهەمدا، ڕێکخراوی وزەی ناڤۆکیی ئێران، هەموو بەڵێنە بەرجامیەکان لە بواری لێکۆڵینەوە و گەشە پێدان وەلا دەنێت و قۆناغی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو جۆرە سانتریفیووژێکی نوێ و بابەتەکانی هاوپەیوەند بە پیتاندن بە خێرایێکی زیاترەوە بەڕێوە دەبات.

هەنگاوی یەکەم و دووەمی ئێران ئاست و ڕادە پیتاندنی یۆرانیۆمی دیاریکراوی لە بەرجامدا گۆڕی. بڕگەکانی 26 و 36ی بەرجام ڕێگە دەدات بێتوو هەر وڵاتێک خەمساردی بکات لە بەڕێوە بردنی بەڵێنەکانی، لایەنی بەرامبەر بتوانێ ئاستی بەڵێنەکانی هاوسەنگ لەگەڵ ڕەوشەکە دابەزێنێت.

سەرۆک کۆماری ئێران لە حاڵێکدا فەرمانی بەردەوامی ڕەوتی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی دەرکردووە کە لە دوو مانگی ڕابردوودا فەڕەنسا هەوڵێکی زۆری دا بە گەڵاڵە و پلانی جۆربەجۆر ئێران ڕازی بکات کە هەنگاوی سێهەم هەڵنەگرێت.

هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە بەر دوو هۆکار نەبووە هۆی ڕەزامەندیی ئێران. یەکەم ئەوەی کە ئەورووپیەکان هەروا بەردەوام هیچ ویستێکی ڕاستەقینەیان لە پێناو بەڕێوەبردنی بەرجام لە خۆوە پیشان نەدا و ئامادە نین هیچ جۆرە مەترسی و ڕیسکێک بکەن. دووەم ئەوەی کە پێشنیازەکانی فەڕەنسا لەوانە وەگەڕ خستنی هێڵێکی ئیعتیباری و دراڤی بە بایەخی 15 ملیارد دٶڵار بۆ ڕزگار کردنی بەرجام، بە هیچ لەونێک لەگەڵ 11 بەڵێنەکانی ئەورووپیەکان یەک ناگرنەوە.

هەر لەم پەیوەندیەدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئەورووپا هیچ کات ئامادە نەبووە هیچ جۆرە مەترسی و ڕیسکێک بکات لە پێناو پاراستنی بەرجامدا.

محەمەد جەواد زەریف - وەزیری دەرەوەی ئێران

ئەمە و نەگونجاو بوونی پێشنیازی فەڕەنسیەکان لەگەڵ ئاستی بەڵێنە بەرجامیەکانی ئەورووپا پیشان دەدات لایەنی ئەورووپی پاش چووە دەری ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە چەند لایەنەیە، پێی ناکرێ یاخود ڕێگەی ئەوەی پێ نادرێت لەم هەلومەرجەی ئێستا بێتە دەر و خۆی ڕزگار بکات.

ڕادەربڕینەکانی "ژان ئیڤ لۆدریان"ی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەمەڕ ئەوەی کە جێبەجێ بوونی هێڵی دراڤی 15 ملیارد دۆڵاری بەستراوەتەوە بە ئیزن و مۆڵەتی حکوومەتی ئەمریکا، خۆی سەلمێنەری بێدەسەڵاتی ئەورووپایە لە بەرامبەر ئەمریکادا.

ژان ئیڤ لۆدریان - وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا

گۆڕینی ئاست و ڕادەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرجام و ئێستاش وەلانانی پلانی کاتبەندی و بەرتەسکی لە بواری پەرەپێدان و پێشڤەچوونی ئاشتیخوازانەی ناڤۆکی، بە مانای هەڵسووکەوتی ئێرانە لەچەشنی ئەورووپیەکان لە بەرامبەر بەرجامدا. چوونکە بەردەوامی ڕێککەوتنی چەند لایەنەی بەرجام لە گرێوی جێبەجێ کرانی بەڵێنەکانی هەموو لایەنەکانە.

 

سەرپەیڤ