ئه‌یلوول 10, 2019 13:25 Asia/Tehran
  • تەخت ڕەوانچی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە بنپێ کردنی ئن پی تی

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان بە پێداگری لە سەر بەرپرسایەتیی هەموانی لە قەدەغە کردنی هەرچەشنە تاقیکاریی تەقینەوەیی چەکی ئەتۆمی، ئەمریکای لەبەر چوونەدەر لە پەیمانەکانی هاوپێوەند و وەڕێخستنی ڕکابەرایەتیی مۆدێڕنیزە کردنی ئەو چەکانە، تۆمەتبار کرد بە بنپێ کردنی پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمی یان هەمان NPT .

"مەجید تەخت ڕەوانچی" نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیدا سەبارەت بە "ڕۆژی نەیارەتی لەگەڵ تاقی کردنەوەی ئەتۆمی" ڕکابەرایەتیی چەکەمەنی نوێ و ڕکابەرایەتی بۆ مۆدێڕن و پێشکەوتووتر کردنی چەکە ئەتۆمییەکانی بە جێی نیگەرانی زانی و وتی: لە کاتێکدا کە ژمارێک وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پەرە پێدان و پێشکەوتووتر کردنی چەکە ئەتۆمییەکانیان و هاسانتر کردنەوەی بەکار هێنانیان، کۆتایی هێنان بە تەقینەوەکانی تاقی کردنەوە ئەتۆمییەکان یەکجار گرینگە.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەرچەشنە تەقینەوەی ئەتۆمی دەبێ بە تەواوەتی قەدەغە بکرێ، وتیشی: ئەمریکا بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکان، نەک هەر لە دووی پەسەن کردنی پەیمانی تۆکمەی قەدەغەی تاقی کردنەوەی ئەتۆمیدا نییە بەڵکوو تاقی کردنەوە ئەتۆمییەکانی لەوان تاقی کردنەوەی تەقینەوەیی ئەتۆمیی ژێرزەوینی درێژە پێ دەدات.

تەخت ڕەوانچی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند:  سیاسەتە نابەرپرسانەکانی ئەمریکا کە دوایینیان چوونەدەری ئەم وڵاتە لە پەیمانی مووشەکی نێوانبڕی ئەتۆمی (ئای ئێن ئێف) بوو، زیانی هەیە بۆ هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو چەکداماڵینی ئەتۆمی و قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمی و دەبێ کۆتایی پێ بێت.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان بە ئاماژە بەوەی کە تیابردنی تۆکمە و تەواوی چەکە نامرۆییەکان بەڵێنمەند بوون بە خۆمان، منداڵانمان و بەرەکانی داهاتوو و هەموو مرۆڤایەتییە، وتیشی: ئەوە لە باری ئەخلاقییەوە  تەواو پێویستە و بەرپرسایەتییەکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە بۆ دەورگێڕانێکی چالاکانە لە پێ و شوێن گرتنی ئەو ئامانجە پڕبایەخەدا.

سەرپەیڤ