ئه‌یلوول 12, 2019 17:47 Asia/Tehran
  • ئێران بوختانە چەندپاتەوە بووەکانی نێو بەیاننامەی لێژنەی عەرەبی لە قاھیرەدا بە ڕەتکراوە زانی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەلەقاژەی بێ ئەنجامی بڕێک لە وڵاتانی عەرەبیی لەمەڕ ھێنانەئارای بانگەشەی بێ بنەمای دژی ئێران ، بە پێداگرتن لە سەر ھەڵە سیاسییەکانی ڕابردوو زانی.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای ڕەتکردنەوەی بوختانە چەندپاتەوە بووەکانی دژی ئێران لە بەیاننامەی کۆبوونەوەی دوانزەھەمی لێژنەی عەرەبی لە قاھیرە، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات بوونەوەی بوختانی بێ ناوەڕۆک دژی سەروەریی ھەتاھەتایی بەسەر سێ دوورگە ئێرانییەکەی خۆی لە کەنداوی فارس و چەواشەکاریی ھێندێک لە وڵاتە عەرەبییە ناکاریگەرەکان لە سیاسەتی ناوچەکەدا بۆ دەستەوەستانی و تێ نەگەییشتنیان لە ڕاستییەکانی ناوچەکەو جیھان دەگەڕێنێتەوە.

موسەوی ھەروەھا لە بەر پێشوازی کردنی کۆمەڵێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە بانگەشەی کۆن و سوواوو بێ بنەماوبەڵگەی بیانییەکان لە بارەی ئاسایشتی گەمیەوانی لە دەڤەری کەنداوی فارس لە باتی پشت بەستن بە ھێزودەستەڵاتی وڵاتانی ناوچەکە، داخ و مەخابنی دەربڕی.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، پێداگرتن لە سەر ھەڵە بێ ئەنجامەکانی ڕابردووی، ئەویش لە دۆخێکدا کە ناوچەکە پێویستی بەژیرمەندی و ڕاست بینییە، وەک جوڵانەوە لە ئاراستەیەکی ناڕاست لێکدایەوە کە ھیچ ئەنجامێکی بێجگە لە پەرە پێ دانی گرفت و تەنگژەکان لە ناوچەکەدا لێ ناکەوێتەوە.

وەزیرانی کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە لە دوانزەھەمین کۆبوونەوەی خۆیاندا لە شاری قاھیرە، جارێکی تر ئێرانیان بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی تۆمەتبار کرد.

لێژنەی وەزارەتیی ھەر چوار وڵاتە عەرەبییەکە بە ھێنانەئارای ئەم بانگەشەیەی کە گوایە ئێران ھێڵی گەمیەوانی لە ئاوەکانی کەنداوی فارس، گەرووی ھۆزمۆزو دەریای سوور دەخاتە مەترسییەوە، لە سەر بەرنگاربوونەوەی ھەر ھەنگاوێکی ئێران جەختی کرد.

ئەم لێژنەیە ھەروەھا جارێکی تر دوورگە ئێرانییەکانی تونبی گەورەو تونبی بچوک و ئەبوموسای وەک دوورگە داگیرکراوەکانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان ناوبرد.

بانگەشەی لێژنەی وەزارەتیی ئەم چوار وڵاتە عەرەبییە لە بارەی سێ دوورگە ئێرانییەکەی  ونبی گەورەو تونبی بچوک و ئەبوموسا لە کلتێکدا دێتە ئاراوە کە بە پێی بەڵگەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئەم سێ دوورگەیە بەشێکی دانەبڕاوەی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.