ئه‌یلوول 20, 2019 14:02 Asia/Tehran
  • ڕووداوەکەی ئارامکۆ؛ هەرا و هوریای دار و دەستەی ترەمپ و وەڵامدانەوەی زەریف

بۆچوونی شەڕخوازانەی ئەمریکا و ڕژێمی سەعوودی لە وەبەر پەلاماردرانی پاڵاوتگەی ئارامکۆی عەرەبستان لە لایەن یەمەنییەکانەوە، هەرچەن لە گۆڕەپانی شەڕی یەمەندا مانا دەکرێتەوە بەڵام تۆمەتبار کردنی ئێران لە راستیدا چەواشەکارییە و بەس.

ئەو هەرا و هوریایەی کە ئەمریکاییەکان دوابەدوای پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆ سەر دام و دەزگە نەوتییەکانی ئارامکۆ دژ بە ئێران وەڕێان خست، یەک نیشانەی هەیە ئەویش دڵنیا کردنی ڕژێمی سەعوودییە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە دۆشینی ئەو ڕژێمە تەواو ئاسوودە و ئەرخەیان بێ. سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر عەرەبستان لە سەر دەس خستنی دۆلارە نەوتییەکان داڕێژراوە و بەردەوام بوون و نەبڕانەوەی شەڕی یەمەنیش هەر لەو چوارچێوەدا هەڵدەسەنگێندرێ.

سەفەری "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عەرەبستان و بەجێ هشتنی ئەم وڵاتە بە بێ بەشداری لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سەعوودی پیشاندەری ئەوەیە کە تۆمەتبار کردنی ئەوم و ئەو و دیتنەوەی تۆمەتباری ساختە بۆ ڕووداوەکەی ئارامکۆ ئەوەندەی هەرا و هوریا نانەوەی سیاسی و پڕوپاگەندایی دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ هاسان نییە.

توانای پێشپێگری و خۆڕاگریی یەمەنییەکان لە چاو ئەو سەردەمەی تازە شەڕی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ دەست پێ ببوو گەلێک بەرزتر بووە و ئەمڕۆکە بە تێپەڕینی نزیکەی پێنج ساڵ بە سەر ئەو شەڕە، سنوورەکانی بەرەڤانی و پێشپێگریی یەمەنییەکان گەیشتۆتە قووڵایی خاکی عەرەبستانەوە.

کاتێک لە "یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دان بەوە دا دەنێ کە ئەم وڵاتە ڕۆژانە شەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆجێی و تەیار بە تەکنۆلۆژیای ڕۆژ ساز دەکات، ئەوەی ویست و ورەیەکی بەرزە کە لە ناخی شەڕێکی نامرۆیی و ناجوامێرانەی دژ بە یەمەن هەستاوەتەوە و ئێستا توانای ئەوەی پەیدا کردووە ناوەندە گرینگە پیشەسازییەکانی وەک پاڵاوتگەی ئارامکۆ بپێکێ.

هەر لەم چوارچێوەدا "کەماڵ دێهقانی فیروزئابادی" سەرۆکی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی بوێرانەی خەڵکی یەمەن لە مەڕ پێکانی دام و  دەزگە نەوتییەکانی ئارامکۆ، پێی داگرت: ئەو ئۆپەراسیۆنە، ئەمریکای بە هەموو توانا و ئیمکاناتی سەربازی، بە هەموو ڕادار و مووشەکەکانییەوە خستە بن پرسیارەوە.

لە وەها ڕەوشێکدا سەرچاوەی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆ سەر پاڵاوتگەی ئارامکۆ دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ لەم وڵاتەدا و گەڕان بۆ ناساندنی هۆکار و سەبەبکاری ئەو پەلامارە لە دەرەوەی  ئەو چوارچێوەیە، بەو مانایە کە ئەوان هێشتا بڕوایان بە توانای هێرشبەری هێزە سەربازییەکانی یەمەن نییە.

ئەو ڕەوشەیش سەلمێنەری ئەوەیە کە سنوورە لاوازەکانی عەرەبستان گەیشتۆتە نێو جوگرافییایی ئەم وڵاتە و هەرچەشنە شەڕنانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە کەلێنەکانی ئەو لاوازییە زیاتر دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام رایگەیاندووە خوازیاری  ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەیە و لە هیچ شەڕێک داکۆکی ناکات بەڵام بێتوو سنوورەکانی بکەونە بەر مەترسییەوە ئەوەی لە دەستی بێ بۆ بەرگری لە خۆی دەکات.

هەر لەم ئاراستەیەدا، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەمریکایی CNN سەبارەت بە شێوەزاری شەڕخوازانەی ژمارێک بەرپرسی ئەمریکایی، بە ئاماژە بەوەی کە مەسەلەیک بە ناوی پەلاماری بەرتەسک لەئارادا نییە، وتی: ئێران بە هیچ لەونێ خوازیاری شەڕ نییە بەڵام بۆ بەرگری لە خۆی بێ گومان کەمتەرخەم نابێ.

ئێران بۆ پاراستنی سنووری زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی خۆی لێبڕاوانە جوڵاوەتەوە و دوایین هەنگاوی لەم بوارەدا خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە ناوچەی کەنداوی فارسە. دەسەڵاتی پێشپێگری و بەرەڤانیی ئێران خۆجێیە و هیچ پێوەندییەکی بە دەرەوەی وڵات نییە و ئەو خاڵە گرینگەش پیشاندەری ئەوپەڕی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامنیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا و کەنداوی فارسە.

سەرپەیڤ