تشرینی یه‌که‌م 07, 2019 19:47 Asia/Tehran
  • زەریف: بێتوو ئوروپییەکان پەیمان بشکێنن، هەنگاوی چوارەمی ئێران ئامادەی جێ بەجێ کرانە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وادەکانیان جێ بەجێ نەکەن، هەنگاوی چوارەمی کەمکردنی وادەکانی ئێران دەچێتە قۆناخی جێ بەجێ کرانەوە.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پاش ئامادەبوون لە دانیشتنی ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئاسایسی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەنێو پەیامنێراندا بەئاماژە بە جێ بەجێ کرانی هەنگاوی سێهەمی کەمکرانی وادەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرنامەڕێژیەکانی بڕیاردەداو زانیاری بڵاودەکاتەوە.

زەریف بەئاماژە بەوەی کە هاوکات لەگەڵ هەڵگرتنی هەنگاوەکانی کەمکردنی وادەکان، دانوستان بەردەوامە، وتی: ئەگەر ئوروپییەکان وادەکانیان جێ بەجێ بکەن تەنانەت ئەگەری گەڕانەوە بەرەو دواش مومکین دەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڵاڵەی چواربڕگیی فەڕانسە کە لە نیۆیۆرک هاتەئاراوە، وتی: بنەمای گەڵاڵەی فەڕەنسییەکان هاوپێوەندە بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لەبەرامبەردا گەڕانەوەی ئێران بۆ وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دەسپێکرانی وتووێژەکان لەبوارێکی دیاریکراودا، بەڵام سەبارەت بە دەقی گەڵاڵەکە، ووشەو دەستەووشەگەلێک هەیە کە پێویستی بە تاووتوێی زیاتر هەیە، بەڵام لایەنی ئەمریکی، ئیرادەی پێویستی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وادەو بەڵێنیەکانی.

ئەمریکا هەشتی مای٢٠١٨ بەشێوەی یەکلایەنە لەڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆیەک کە ساڵی٢٠١٥ ئیمزا کرا، کشایەوە. لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێران پاش ساڵێک پشوودرێژیی ستراتژیک و دابین نەکرانی چاوەڕوانییەکانی، تائێستا سێ هەنگاوی کەمکردنی وادەکان بریتی لە؛ زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەروی٣.٦٧ لەسەت و زیادکردنی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ڕاگرتنی هەموو وادە و بەڵێنیەکان لەبواری لێکۆڵینەوەو گەشەپێدان هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێ بەجێ کردووە.