تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 09:01 Asia/Tehran
  • عێراقچی: ئەولەویەتی ئێران، هاتنەدی ئاسایش و برەوی ئابوریی بۆ ناوچەیە

جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دۆخی ئاڵۆزکاوی ئێستای ناوچەی کەنداوی فارس بەهۆی سیاسەتی دەستتێوەردەرانەی ئەمریکایەو ئەولەویەتی ئێران، هاتنەدی ئاسایش و سەقام و برەوپێدانی ئابوریی بۆ گشت ناوچەیە.

"عەبباس عێراقچی" جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران لەدیدار لەگەڵ "کوشتا پریەرا" بەرپرسی گشتیی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال لەتاران جارێکی دیکە ڕەخنەی گرت لە سیاسەتی ئوروپییەکان لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ دانی هیچ جۆرە باجێک و جەختی کرد لەسەر پێویستیی چالاک کرانی میکانیزمە جیددیەکان بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.

"کوشتا پریەرا"ی بەرپرسی گشتیی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی پورتوگالیش کە بۆ بەشداربوون لە دووهەمین  دانیشتنی ڕاوێژکارییە سیاسییەکانی بەرپرسانی گشتیی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و پورتوگال سەردانی تارانی کردووە، لەو دیدارەدا وێڕای دەربڕینی هۆگریی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ ئێران، وتی: ئوروپا لەهەوڵی پاراستن و درێژەدان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەو پورتوگال هاوڕەوتە لەگەڵ سیاسەتەکانی یەکێتی ئوروپا لەوبارەوە.