تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 10:46 Asia/Tehran
  • ئێران کەڵک وەرگرتن لە زۆرداریی دژ بە وڵاتان بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمی ڕەت کردەوە

نوێنەری ئێران لە کۆمیتەی شەشەمی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە نوێنەرایەتی لە بزووتنەوە بێلایەنەکان، ترۆریزمی لەهەموو فۆرم وشێوازەکانی ئیدانەکردو وتی: بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم نابێ بکرێ بەبیانوویەک بۆ کەڵک وەرگرتن لە زۆرەملێ دژ بەوڵاتان.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "عەلی نەسیم فەر" رۆژی سێ شەممە لە دانیشتنی کۆمیتەی شەشەمی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان کە بەتەوەری بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم بەڕێوە چوو، وتی: بزووتنەوە بێلایەنەکان، هەوڵ و و ڕێوشوێنەکان، کەڵک وەرگرتن یان هەڕەشەی بەکارهێنانی زۆرداریی لەلایەن هەروڵاتێکەوە دژ بە وڵاتێکی ئەندامی بزووتنەوە بێلایەنەکان بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم یان بۆ گەیشتن بەئامانجە سیاسییەکانیان، ڕەت دەکاتەوە.

نوێنەری ئێران لە کۆمیتەی شەشەمی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند، بزووتنەوە بێلایەنەکان جارێکی دیکە جەخت دەکا کە هەوڵە ترۆریستییەکان ، پێشێلکرانێکی ئاشکرای یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، بۆ وێنە مافە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و مافی مرۆڤ بەتایبەت مافی ژیان کردنە کە دەبێتەهۆی پێشێلکرانی بەتەواوەتی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی جەماوەر.

نەسیم فەر بەئاماژە بەوەی کە وەها کردەگەلێک، یەکپارچەیی خاک و سەقامی وڵاتان و هەروەها ئاسایشی نیشتمانی، ناوچەیی وجیهانی دەخاتە مەترسی، وتی: بزووتنەوە بێلایەنەکان، ڕێزگرتن لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سیاسیی هەموو وڵاتان بەگوێرەی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان دووپات دەکاتەوە.

عەلی نەسیم فەر لەو دانیشتنەدا بەئاماژە بەوەی کە ڕەفتاری دڕندانە لەگەڵ خەڵک و وڵاتانی داگیرکراو لەلایەن بیانییەکانەوە، دەبێ وەک قورسترین شێوازی ترۆریزم ئیدانە بکرێ، داوای لەهەموو وڵاتان کرد هاوتەریب لەگەڵ جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان و لەژێر ئاڵای ئەو ڕێکخراوەدا بەڵێنیەکانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مافە مرۆییە جیهانییەکان لەبەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمدا جێ بەجێ بکەن.