تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 15:45 Asia/Tehran
  • زەریف: ھەنگاوەکانی ئەمریکا دژی جەماوەری ئێران ھەنگاوێکی شەڕخوازانەیە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، ھەنگاوەکانی ئەمریکا دژی جەماوەری ئێرانی بە ھەنگاوێکی شەڕخوازانە نرخاندو وتی: ئەمریکا لە شەڕی ئابووریی دژی ئێران، شارومەندانی سڤیلی کردووەتە ئامانجی سەرەکی.

«موحەمەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانی نێونەتەوەیی «ئابووریی جیھانی و بایکۆتەکان» لە تاران وتیشی: شەڕئامێرە دراڤی و ئابوورییەکان و یان گۆڕینەوەی ئابووری و دۆلار بە ئامێرێکی شەڕ، بووەتە زاراوەیەکی باو لە وێژەو ئەدەبی نێونەتەوەیی دا.

زەریف وتیشی: سەردەمێک ئەم شەڕئامێرانە بەس بۆ بەرتەسک کردنەوەی بڕێک چالاکی لە ھێندێک لە وڵاتاندا بوو، کەچی شەئامێرە تازەکانی ئەمریکاو ئەوەی وا داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە وەک شەڕی ئابوری باسی دەکات، گوزەران و تەندروستیی خەڵکی ئاسایی دەکاتە ئامانج.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: ئەمریکا ئامێرگەلی دراڤی بۆ گوشارخستنەسەر وڵاتانێکی سەربەخۆی وەک ئێران، چین، ڕووسیا، کوبا و ڤەنزۆئیلا بەکار دێنێ.

زەریف ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردنی دووبارە بە بایکۆت کرانی بانکی ناوەندیی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، وتیشی: بایکۆت کرانی بانکی ناوەندیی ئێران بەھەر شێوازێک بێت، نایاساییە، چونکو بە پێی ئەم بایکۆتە بانکی ناوەندی وەک کەرەستەیەکی ئابووریی ئێران بۆی نییە داوودەرمان بۆ خەڵکی ئێران بکڕێت.

«موحەمەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیشکی خستە سەر وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە بارەی ئەمەی کە ئەگەر جەماوەری ئێران دەیانەوێت نان بخۆن دەبێ شوێنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بکەون و وتیشی: ئەم قسەیە تیرۆریزم و جۆرێکە لە تاوان و دڕندەکاری.