تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 16:29 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ڕێککەوتنی پەنامەکی و پشت پەردە بە قازانجی ناوچەکە نییە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دەوڵەتی تورکیا لە بارەی سنوورە باشوورییەکانیەوە ھێندێک نیگەرانەو مافی خۆشیەتی کە ئەو نیگەرانییەی بڕەوێتەوە، وتیشی: ھەڵبەت لەو باوەڕەداین کە دەبێ لەم ئاراستەیەدا ڕێگاو شێوازێکی دروست و گونجاو ھەڵبژێردرێت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیاو تورکیا ڕاشکاوانە ڕامانگەیاند کە ڕێگاچارەی چەسپاندنی ئاسایشت لە سنوورە باکوورییەکانی سووریاو باشووری تورکیا بەس بە ئامادە بوونی سوپای سووریا مسۆگەر دەبێت و ئێمە دەبێ ھەموو بەستێنێک بۆ ئامادە بوونی سوپای سووریا لەو ناوچانەدا خۆش کەین و دیارە لەم ئاراستەیەدا وڵاتانی دیکەش دەبێ یارمەتیدەربن و ئەمریکییەکانیش لە ناوچەکە بکشێنەوەو کوردەکانیش لەو وڵاتەدا کە لە ڕاستی دا وڵاتی خۆیانە بڕونە پاڵ سوپای سووریاوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئەو شێوازەی وا ئەمڕۆکە ڕەچاو دەکرێت و ئەو ڕێککەوتنانەی کە بە پەنامەکی و لە پشت پەردەدا کراوە قەت بە قازانجی ناوچەکە نییەو ئێمە لە وڵاتی دۆست و برای خۆمان،تورکیاو دەوڵەتی ئەو وڵاتە ، داوا دەکەین کە لەم بوارەدا سەرنجێکی زیاتر بدات و بە پشوودرێژییەکی پترەوە بجوڵێتەوەو بەو ڕێگایەی کە ھەڵیبژاردووە، بچێتەوە.

ڕۆحانی پێشی داگرت: ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم ڕێگایەی وا ھەڵبژێردراوە بۆ ناوچەکە نەگونجاوەو خێری تیادا نییە، چونکو ئەمڕۆکە لە ھەل و مەرجێکداین کە دەبێ لە ناوچەکەدا ھێوری بچەسپێت و ئاوارەکانی سووریاش ھەرچی خێراتر بگەڕێنەوە بۆ وڵات و نیشتیمانی خۆیان.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جەختیشی کرد: ئەمڕۆکە پرسی سەرەکی، باکووری سووریاو ڕۆژھەڵاتی فۆرات نییە، بەڵکو گرفتی یەکەم لە ناوچەی ئیدلەب دایە کە تەواوی تیرۆریستان تیای دا خڕ بوونەتەوەو ھیوادارین وڵاتانی ناوچەکە لەم بوارەدا یارمەتیدەر بن و دەوڵەتی تورکیاش لەم ئاراستەیەدا وردبینییەکی زیاتر بەکار بێنێ بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا تووشی گرفتێکی تازە نەبین.