تشرینی یه‌که‌م 10, 2019 07:17 Asia/Tehran
  • زەریف: ئاسایشت لە کەنداوی فارس دا دابەش ناکرێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی «ئەلڕەئی» کوەیت، وێڕای شی کردنەوەی «دەستپێشخەریی ئاشتیی ھۆرمۆز» نووسی: ئاسایشت لە کەنداوی فارس دا دابەش کردن و جیاکردنەوە ھەڵناگرێت، یان ھەمووان لە ئاسایشت لە ناوچەکەدا بەھرە دەبینن و یان ھەمووان لێی بێ بەری دەبن.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممەی ناوەندی هەواڵدەریی فارس  «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وتارەی دا وێڕای دەربڕینی ئەمەی کە ناوچەی کەنداوی فارس گرینگایەتییەکی ستراتژیی لە ڕووی بازرگانیی نێونەتەوەیی و وزەوە ھەیە، پێی داگرت: بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئاسایشت و پاوەجێیی لە ئاراستەی دەستەبەرکرانی دەستڕاگەییشتن بە بازاڕە نێونەتەوەییەکان پێویستییەکی حاشا ھەڵنەگرە.

زەریف وتیشی: چەندین سەدەیە کە ئاسایشتی ناوچەکە لە لایەن وڵاتانی ئەم ناوچەیە دابین دەکرێت و دیارە ئەمەش بەبێ ھاریکاری و ھاوتەریبی مسۆگەر نابێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وتارەی دا ئاماژەی کردە کڕدرانی چەک و چۆڵی زۆر و بەسترانی پەیمانگەلی سەربازیی بڕێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ھێزە بیانییەکان و وتیشی: ئاسایشت لە ڕێگای کڕینی چەک و چۆڵ و بەستنی پەیمانی سەربازی لەگەڵ ئەو ھێزە بیانییانەی کە بە دەستوەردانی بەردەوام و پشتگری کردنی ڕژێمی زایونی زیاترین ھەڕەشەیان لە سەر ئاسایشتی ناوچەکە دروست کردووە، مسۆگەر نابێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیشکی خستە سەر باسکرانی «دەستپێشخەریی ئاشتیی ھۆرمۆز» لە لایەن سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و وتی: «دەستپێشخەریی ئاشتیی ھۆرمۆز» بە ھاوبەشیی ھەشت وڵاتی ھاوپەیوەند ، داگری عەرەبستان، عێراق، عوممان، ئیمارات ، کوەیت، قەتەر، بەحرەین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بارستایی پێویستی بۆ وەدی ھێنانی ئاسایشتی ھەمەلایەنە لە ناوچەکەدا ھەیە لە ڕێگای دیالۆگی ناوچەییەوە.