تشرینی یه‌که‌م 20, 2019 11:59 Asia/Tehran
  • ستایشی ڕۆحانی لە ھەوڵی جەماوەر، بەرپرسان و زانایانی عێراقی لەمەڕ بەرپا کردنی ڕێ و ڕەسمی ئەربەعین

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی عێراق،لە ھەوڵی جەماوەر، بەرپرسان و زانایانی عێراقی ، بە تایبەت پلەی مەرجەعییەت لەمەڕ دابین کردنی ئاسایشتی تۆکمەو تەواوو میوانداری کردنی زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینی(ع) ڕێزی گرت.

لە پەیامی ڕۆژی یەکشەممەی «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆمارو «عادۆ عەبدولمەھدی» سەرۆک وەزیرانی عێراق دا ھاتووە: لە ڕێپێوانی شکۆمەندو گەورەی ئەربەعینی حسەینی دا کە ئەمساڵ بە بەشداریی ناوازەو دەگمەن و ملوێنیی ئەویندارانی ویلایەت و تاسەمەندانی ئازادی و ئازایەتی بەرپا کرا، جارێکی تر داستانێکی ھەرماوو لەبیرنەکراوە ڕسکێندراو پەیامی ئازایەتی و جوامێریی عاشورا بە گوێی خەڵکانی جیھان چرپێندرا.

ڕۆحانی وتیشی: کۆبوونەوەی ئەربەعینی حسەینی(ع) زیاتر لە جاران ئەوەی دەرخست کە ئەربەعین تەنیا بۆنەیەکی نێو ڕۆژمێرەکان نییە، بەڵکو موعجیزەو پەرجوویەکی ھەرماوی مێژوویی و ھێزمەندترین میدیایە بۆ ناساندنی کلتووری حسەینی و ڕاپەڕینی عاشورا.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەم کۆبوونەوە جیھانییە تژییە لە بەرەکەت کە ھەموو ساڵێک زیاتر لە جاران ڕەھەندە بەربڵاوەکانی ئاشکرا دەبێت، وتیشی: کۆبوونەوەی ئەربەعینی حسەینی ڕەنگدانەوەی ھاوپشتی و یەکگرتن و نزیکایەتیی گەرم و گوڕی ھۆگرانی ڕیسالەت و ویلایەت بە تایبەت لە نێو جەماوەری ئێران و عێراق و پێکھاتنی بەرەیەکی یەکدەستە دژی ستەم و ھەڵاواردن و توندوتیژی.

دوێنێ شەممە بیستەمی سەفەری ١٤٤١ی کۆچیی مانگی، ڕێککەوت لەگەڵ ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، ئەربەعین و چلەی شەھید بوونی حەزرەتی ئیمامی حسەین(ع)، ئیمامی سێھەمی موسڵمانانی جیھان و یارانی ئەمەگداری ئەو حەزرەتە لە سارای کەربەلادا بوو.

کۆمەڵێکی زۆر لە موسڵمانان و شوێنگەوتووانی ئایینە ئیلاھییەکانی دیکە، لە چەند ڕۆژ بەرلە ئەربەعین و چلەی شەھید بوونی حەزرەتی ئیمامی حسەین(ع) ئیمامی سێھەمی موسڵمانانی جیھان بە سەوادە ڕێگای ٨٠ کیلومەتریی نێوان شاری نەجەفی پیرۆز ھەتا کەربەلای موعەللایان بڕی و خۆیانیان گەیاندە گڵکۆی پاکی ئیمامی حسەین(ع) کچەزای خۆشەویستی پێغەمبەری سەردار(ص).

ئەمساڵ لە ئێرانیشەوە زیاتر لە سێ ملوێن زیارەتکار بۆ بەشداری کردن لە ڕێپێوانی ئەربەعینی حسەینی(ع) سەردانی پیرۆزگەکانی عێراقیان کرد.

سەرپەیڤ