تشرینی دووه‌م 08, 2019 09:58 Asia/Tehran
  • ئالی حەبیب: ئەمریکا خووی بە سەپاندنی سزای یەکلایەنە گرتووە دژ بەوڵاتان

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنج شەممە وتی: ئەمریکا ئالوودەی سەپاندنی سزای یەکلایەنە بەسەر ئەو وڵاتانە بووە کە لە سیاسەتە ئیستعمارییەکانی پەیڕەوی ناکەن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "ئیسحاق ئالی حەبیب" لە دانیشتنی کۆڕبەندی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە تەوەری"بایکۆتەکانی کوبا" یەکلایەنخوازیی ئەمریکای بەگەورەترین هەڕەشە لەدژ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی زانی و وتی: پەرەسەندنی کردەی یەکلایەنە، یەکێک لە نیشانە ئاشکراکانی یەکلایەنخوازی هاوڕێ لەگەڵ سیاسەتێکی دەرەوەیی دەستتێوەردەرانە، و کورتبینانەیە.

باڵوێزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان بەئاماژە بەوەی کە بایکۆتە نامرۆییەکان و گەمارۆی سەپێندراو لەلایەن ئەمریکاوە دژ بەکوبا لەماوەی شەش دەیەدا، نادادگەرانەترین و درێژخایەنترین سیستەمی سزادانی یەکلایەنەی سەپێندراو بەدژ هەر وڵاتێکە، وتی: ئەو کردە هێرشبەرانە، پێشێلکەری ئاشکرای پرەنسیپە سەرەکییەکان لە نەزمی پەیوەندیی جیهانی پێک دێنێ. ١٨٧ ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنج شەممە بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لە کۆڕبەندی گشتیی ئەو ڕێکخراوە، جەختیان کرد لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی گەمارۆ یەکلایەنەو شەست ساڵانەکانی ئەمریکا دژ بە کوبا.

"ئالی حەبیب" ئاماژەشی کردە بایکۆتی یەکلایەنەی ئەمریکا دژ بەئێران و وتی: گەلی ئێران باجی خۆڕاگری و ڕاوەستان لەهەمبەر پاوانخوازیی ئەمریکا دەدا.

ئالی حەبیب بەئاماژە بەوەی کە ئێران لە سەرکەوتنی شۆڕشەوە تائێستا، بەرەوڕووی بایکۆتی نایاسایی ئەمریکا بووە، وتی: ئێران وکوبا بۆ خۆڕاگری و پێداگری لەسەر سەربەخۆبوونیان لە سیاسەتی ئیستعمارگەرانەی ئەمریکا، باج دەدەن.

باڵوێزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد لەهەمبەر دەسوەردانی وێرانکەرانەو یەکلایەنەی ئەمریکا ڕێگاچارە بدۆزنەوەو پێی داگرت: ئێران درێژە دەدا بە هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دۆست لەوان کوبا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن سەبارەت بەو کێشەیەو ڕێگە نادا، حکومەتی ئەمریکا بەسەپاندنی سیاسەتی دەرەکیی بێ بەش لە هەرچەشنە بنەماو پرەنسیپێک، بە ئامانجە ناڕەواکانی بگات.