کانونی یه‌که‌م 04, 2019 15:52 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ئێران نەیاری ڕەوانەکرانی لەشکریانی ژاپۆن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناڤینە

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کە وەک نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەردانی تۆکیۆی کردووە لەگەڵ گەڵاڵەکەی ژاپۆن لەمەڕ ڕەوانەکردنی ھێزی بەرەڤانی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناڤین بە مەبەستی یارمەتی دانی گەرەنتیی ئاسایشتی گەمیەوانی بۆ ئاوگەڕە بازرگانییەکان دژایەتیی کرد.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لەوتووێژێکدا لەگەڵ « ئێن، ئێچ، کەی» تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ژاپۆن کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاو بووەوە، پێی داگرت: ئێران چاوەڕوانی بڕیاری یەکلا کەرەوەی ژاپۆنە، بەڵام باوەڕیشی وا نییە کە ھەرچەشنە ئامادە بوونێکی ھێزی بیانی لە ناوچەکە یارمەتیی ھێزمەند بوونی سەقام و ئاسایشت و یان چەسپانی ئاشتی دەدات.

«سەیید عەبباس عەراقچی»  ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ «ئابێ شینزۆ»ی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ھەڵوێستی ئێرانی پێ ڕاگەیاندووە.

یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە دیدار لەگەڵ «ئابێ» ھەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە شی کردەوەو ڕایگەیاند: ئەگەر بێتو بایکۆتەکان ھەڵگیرێن، ئەوسا ئێرانیش ئامادەی ڕاپەڕاندنی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکە دەبێت.

«سەیید عەبباس عەراقچی» وێڕای ئاماژە کردن بە گەڵاڵەی ئاشتیی «ھۆرمۆز» کە لە لایەن سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا باسی کرا، وتیشی: ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشت و سەقام و ئاشتی لە ناوچەی کەنداوی فارس و گەرووی ھۆرمۆز، تەواوی ئەو وڵاتانەی کە لە گۆڕانکارییەکانی کەنداوی فارس و گەرووی ھۆرمۆز کاریگەری وەردەگرن، بۆ پشتگری کردن لە زاوپەیمانیی ھیوا واتە «دەستپێشخەریی ئاشتیی ھۆرمۆز» بانگێشتن دەکات.

ناوبراو گەشتەکەی «ئابێ» بۆ ئێرانی وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لێکدایەوەو وتی: لەم پەیوەندییەدا بەسەرنجدانی ڕۆڵی کاراوتایبەتیی ژاپۆن، ئێمەش بەش بەحاڵی خۆمان ئامادەی ھاوکاری و ڕاوێژی زیاترین لەگەڵ تۆکیۆ.

«شینزۆ ئابێ» سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە دیدارەکەدا پێی داگرت: ژاپۆن لە ئێستاش دا ھەر پشتگری ڕێککەوتنی بەرجام دەبێت و بۆ چارەسەریی گرفتەکانی ئەم پەیمانە نێونەتەوەییە لە سەر گێڕانی ڕۆڵی دیپلۆماسیانەی خۆی بەردەوام دەبێت.

عەراقچی لە درێژەی وتووێژەکەی لەگەڵ « ئێن، ئێچ، کەی» تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ژاپۆن جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرچاوەی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناڤینن.

ناوبراو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە بەر داسەپاندنی ئەوپەڕی گوشار بە سەر ئێران و کشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی ٢٠١٥ دایە بەر ڕەخنە.

«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە سەروبەندی دانیشتنی لێژنەی ھاوبەشی بەرجام کە بڕیارە ١٥ی سەرماوەز لە ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە ڤییەنا بەڕێوە بچێت، بۆ وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی چین و ژاپۆن سەدان پیکەن و تۆکیۆی کردووە.