کانونی یه‌که‌م 08, 2019 11:50 Asia/Tehran
  • زەریف: دەستھاتە زانستییەکانی پسپۆڕانی ئێرانی گەورەترین چقڵی چاوی دوژمنانە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی یەکشەممە فڕگەی میھرئابادی تاران لە ئاھەنگی پێشوازی کردن لە گەڕانەوەی دکتۆر« مەسعود سولەیمانی» پسپۆڕو زانای ئێرانی کە لەم دواییەدا لە بەندیخانەی ئەمریکا ئازاد کراوە، وتی: ئەمریکا لەماوەی چل ساڵی ڕابردوو ھەوڵی داوە ھەتا ڕێ لە پێشکەوتنی ئێران بگرێت، کەچی قەت بۆی نەکراوە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە  دکتۆر« مەسعود سولەیمانی» ماوەی چواردەمانگی ڕەبەق بە بێ ھیچ بەڵگەوھۆیەک بارمتەو دیلی ئەمریکییەکان بووە، وتیشی: دەستھاتە زانستییەکانی پسپۆڕانی ئێرانی گەورەترین چقڵی چاوی دوژمنانی گەلی ئێرانە.

زەریف وتیشی : ئەمریکییەکان گەلێک جار پێشنیاری ئەوەیان بە دکتۆر«مەسعود سولەیمانی» کرد بوو کە لە باتی گەڕانەوە بۆ ئێران و یان مانەوە لە بەندیخانە پێملی ئەوە بێت کە لە ئەمریکادا بمێنێتەوە، کەچی ئەم مامۆستا نیشتیمان پەروەرە پێشنیاری ئەمریکییەکانی قەبووڵ نەکرد.

دکتۆر« مەسعود سولەیمانی»یش لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران لە بارەی دیا بوونەکەی لە ئەمریکا وتی: ئامانجی ئەمریکییەکان دوژمنایەتی کردن لەگەڵ گەلی ئێرانە.

دکتۆر« مەسعود سولەیمانی» جەختیشی لەوە کردەوە کە، کاربەدەستانی ئەمریکی لە بەندیخانەدا بۆ ئەوەی کە بەندییەکانی دیکە لێی بسڵەمێنەوە وتبوویان کە گوایە تیرۆریستەو دەبێ لێی دوور بکەونەوە،کەچی باوەڕی بەو بانگەشەو بوختانە نەدەکرد.

دکتۆر« مەسعود سولەیمانی» دوێنێ شەممە لەپاش ١٤ مانگ زیندانی کرانی نایاسایی لە ئەمریکا لە ئەنجامی گەشتێکی «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ زوریخ، ئازاد کراو ڕادەستی کاربەدەستانی ئێران کرایەوە.

ڕەوتی ئازاد کرانی دکتۆر« مەسعود سولەیمانی» بە ھەوڵ و چالاکیی وەزارەتی دەرەوەو ھاوکاریی دامەزراوەکانی ئاسایشت و دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە پرۆسەیەکی دپلۆماسیانەدا بە ھاوکاریی دەوڵەتی سوییسڕا بە ئەنجام گەییشت.