ئادار 24, 2020 17:12 Asia/Tehran
  • چاک بوونەوەی نزیکەی ٩ ھەزار کەس لە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران

وەزارەتی تەندروستی و دەرمان و ڕاھێنانی پزشکیی ئێران ڕایگەیاند: ھەتا ئێستا ٨ ھەزارو ٩١٣ کەس لەوانەی وا لە ئێراندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوون چاک بوونەتەوەو لە نەخۆشخانەکان گەڕاونەتەوە.

«کیانوش جەھانپوور» سەرۆکی ناوەندی پەیوەندیی گشتی و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و دەرمان و ڕاھێنانی پزشکیی ئێران ، ڕۆژی سێ شەممە لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران وێڕای ئاماژە کردن بە توشبوونی ٢٤ ھەزارو ٨١١ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا وتی: بە داخەوە بە گیان لەدەست دانی ١٢٢ کەس لە توشبووان، ژمارەی تێکڕای ئەوانەی وا لە بەر بڵاو بوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە وڵات دا گیانیان لە دەست داوە، گەییشتووەتە ھەزارو نۆسەدو سی و چوارکەس.

جەھانپوور وتیشی: ھەتا ئێستا زیاتر لە ٤١ ملوێن کەس لە ڕەوتی ھەڵمەتی نیشتیمانیی بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندا تاقیکارییان بۆ کراوە.

هاوکات لەگەڵ هەوڵی پێشگرانەو دەرمانیی  حکومەتی ئێران بە یارمەتیی هێزە چەکدارەکان، رەوتی دیاریکرانی زووتر لەوەخت، ناسکران و دۆزینەوەی کەسانێک کە پەیوەندییان بووە بە تووشبووانە، جیاکردنەوەی نەخۆشەکان(کەرەنتینە) و چارەسەریی کەسانی تووشبوو بەهاوکاریی هەموو چینەکانی جەماوەری ئێران، خێرا خەریکە ئەنجام دەگرێ.

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناوە فەرمییەکەی کۆڤیدی ١٩ یە، لەکۆتایی ساڵی٢٠١٩دا لەشاری "ووهان"ی چین ناس کرا. 

ئەم ڤایرۆسە لە ئێستادا جیا لە چین، بەرەو ١٩٥ وڵاتی جیھانیش تەشەنەی سەندووە .

بە گوێرەی دوایین ڕێژەکان، ھەتا ئێستا زیاتر لە ٣٩٢ھەزار کەس لە جیھاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە ھاتوون کە لەم ژمارەیە زیاتر لە ١٠٢ھەزارکەسیان چاک بوونەتەوەو نزیکەی ١٧ھەزار کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

 

سەرپەیڤ