ئادار 25, 2020 16:40 Asia/Tehran
  • بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی ؛ سەفەرکردن لە ئێران قەدەغە دەکرێت

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران یاسی فەرمانی نوێی سەرۆک کۆمار دەکات و دەڵێ : سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە کە ڕێگری بکرێت لە سەفەر کردنی هاووڵاتیان.

بە  گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی ڕەبێعی وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران  لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی  حکومەت وتی: بە داخەوە ژمارێکی زۆری خەڵک تێبینییە تەندروستییەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە و پابەندی نەبوون و هەر ئەوەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شەپۆلی دووهەمی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا.

وتەبێژی  حکومەت باسی فەرمانی سەرۆک کۆمار لەو بارەوە  دەکات و دەڵێ : پاش ئەم ڕاپۆرتە  ئەمڕۆ حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند کە سەفەرە نوێیەکان ڕێیان لێ بگیرێت و قەدەغە بکرێت. بەم پێیە چوونە دەرەوە لە شارەکان قەدەغە دەکرێت و ئەوەی کە چ کەسانێک و بۆ چ کارێک دەتوانن لە شارەکان بچنە دەرەوە، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەسەند دەکرێت و ڕادەگەیەندرێت.