ئادار 26, 2020 08:36 Asia/Tehran
  • زەریف: پەمپێئۆ وەزیری نەفرەتە نەک وەزیری دەرەوە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی پێنج شەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی «مایک پەمپێئۆ» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی بەردەوامیی ئەوپەڕی گوشاری واشێنگتۆن دژی ئێران وتی: مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەبێ کە داخۆم پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەیە یان وەزیری نەفرەتە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی پێنج شەممە لە تووییتێڕدا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە تەنانەت نەخۆشییەکی گشت داگریش ناتوانێ ڕێگر بێت لە بەردەم بڵاو بوونەوەی درۆودەلەسە لە لایەن مایک پەمپێئۆوە ، نووسی: پەمپێئۆ ھەرچەند ھەوڵیش بدات ناتوانێ تیرۆریزمی ئابووری، قەڵاچۆی خەڵکی بێ دەرەتان ، گێرەشێوێنی لە ڕەوتی خەباتی جیھانیی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناو شەڕخوازییە قیزەوەنەکەی بشارێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا کە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جۆربەجۆر لە سەر پێویستیی ھاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ خەباتی دژی کۆرۆنا پێ دادەگرن، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ئەوپەڕی گوشاری دژی ئێران بەردەوام دەبێت.

لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە دوابەدوای تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیھان بە ئێرانیشەوە، کۆمەڵێکی زۆر لە کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوانە تورکیا، ڕووسیا ، پاکستان و چین داوای ھەڵوەشانەوەی بایکۆتە یەک لایەنەو نایاسایەکانی ئەمریکا دژی ئێران بوونە.

بایکۆتەکانی یەکلایەنەو ستەمکارانەی واشێنگتۆن کە کەل و پەلە سەرەکییەکان و تەنانەت داوودەرمان و کەرەستەی پزیشکیش دەگرێتەوە، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی گرفتی فراوان بۆ جەماوەری ئێران بە تایبەت نەخۆشانی کۆرۆنایی.

لەگەڵ ئەمەش دا داناڵدترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی ھەینی پێی داگرت کە نەیاری ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی وڵاتەکەی دژی ئێرانە.

ئەمریکا سەرباری داخوازیی جیھانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێران کەچی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند کەسایەتیی ئێرانیشی خستووەتە نێو پێڕستی بایکۆتەکانیەوە.