May 20, 2020 17:42 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: قودس لەبیر ناچێتەوەو لەژێر پۆستاڵی داگیرکەرانیش دا نامێنێتەوە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیھانیی قودس، جەختی کرد: قودس قەت لە بیرناچێتەوەو لەژێر پۆستاڵی داگیرکەرانیش دا نامێنێتەوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمساڵیش لە ڕۆژی جیھانیی قودس دا لە ھەر ڕێگایەکەوە کە بێت، ھاواری چەوسانەوەی جەماوەری فەلەستین بە گوێی خەڵکانی جیھان دەگات، وتیشی: جەماوەری ئێرانی ئیسلامی قەت داپڵۆساندن و چەوساندنەوەی گەلی فەلەستینیان پێ قەبوڵ ناکرێت و سەرکەوتنی یەکجاریی جەماوەری فەلەستین بە خۆڕاگری، ڕاوەستان و ویستی پۆڵایینی فەلەستینییەکان درەنگ یان زوو بە ئەنجام دەگات.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھەر ڕۆژەو پیلانێکی تازە لە لایەن ئەمریکاوە دژی موسڵمانان و جەماوەری فەلەستین دێتە ئاراوە، وتیشی: جەماوەری فەلەستین پتر لە ٧٠ ساڵە کە لە ماڵ و نیشتیمانی خۆیان ھەڵوەداو ئاوارە بوونە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕاوەستان لە ھەمبەر ستەمکاران و داکۆکیی لە چەوساوەکان لەو کۆڵەکە سەرەکیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، جەختیشی کرد: ھێزە ئیستیکبارییەکانی جیھان و لە سەرەوەی ھەموویانەوە ئەمریکا، بەردەوام داکۆکیکاری ستەمکاران، زایونییەکان، ڕەگەزپەرستی و ئاپارتاید بوونەو دژی چەوساوەکان ھەوڵیان داوە، بەڵام لە ئەنجام دا ھەر حەق بەسەر ناحەق دا سەردەکەوێت.

ڕۆحانی ھەروەھا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە کۆشکی سپێ نشینەکان لەگەڵ نالەبارترین ھەل و مەرجی ئابووری دا بەرەوڕوون، وتیشی: ئەوانەی وا لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەدا دژی ئێران پیلانیان گێڕا، ئەمڕۆ گیرۆدەترین حکومەتن لە دنیاداو بەتایبەت لە کێبەرکێی خەباتی دژی کۆرۆنادا سەلماندیان کە چەندە دەستەوەستان و بێ توانان.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە درێژەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە ڕێککەوتنە نێوخۆییەکانی عێراق و ئەفغانستان بۆ پاوەجێ کردنی ئەم وڵاتانە ، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاترین ھەستیاریی بەرامبەرر بە چارەنووسی جەماوەری ئەفغانستان ھەیەو ئەمڕۆش وەک برایەک لە تەنیشتیاندا ڕاوەستاوە.

ڕۆحانی وتیشی: ڕێککەوتنی کۆتلەکانی عێراق بە شێعەو سوننەو کوردو عەرەبەوەو ھەروەھا پێکھانتی دەوڵەتی تازە،ھەنگاوێکی باشە لە ئاراستەی سەقامی عێراق و گەشانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لە ڕۆژانی دژواری ئێستادا.

سەرپەیڤ