May 21, 2020 02:06 Asia/Tehran
  • وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران: ڕژێمی زایونی گرفتێکی جیھانییە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ڕژێمی زایونی گرفتێکی جیھانییە کە بە چەکی ناڤۆکی و قەڵاچۆی بەکۆمەڵ ھەڕەشە لە تەواوی دنیا دەکات.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی دا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو بووە، پرسی فەلەستینی بە بابەتی لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت و گەلی ئێران زانی و جەختی کرد: شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیش بە سەرنجدانی پەرۆشییەکانی بۆ جیھانی ئیسلام دەبێ لە پشتی داخوازییە ڕەواکانی گەلی فەلەستین بێت.

زەریف وێڕای پێداگرتن لە سەرئەمەی کە فەلەستین پرسی تەوەرەیی بۆ جیھانی ئیسلامە، وتیشی: گەرچی ھێندێک لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕابردوودا بە پەیمانی کەمپ دەیڤید و لەم دواییەش دا بە سیاسەتەکانی ڕژێمی سەعودی حۆیان لەگەڵ ئیسرائیل و بە دژی ئارمانجەکانی فەلەستین ڕێک خستووە، بەڵام دیارە پرسی فعلەستین بابەتێک نییە کە بەم بەدڕەوشتیانە لەبیر بچێتەوە.

زەریف گەورەترین قەیرانی ڕژێمی زایونیی بۆ قەیرانی ڕەوایەتی گەراندەوەو وتیشی: ئەم ڕژێمە قەیرانی ڕەوایەتیی نێوخۆیی ھەیەو ھەم قەیرانی ڕەوایەتیی نێونەتەوەیی.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ناکۆکییە نێوخۆییە بەرفراوانەکانی ئەم ڕژێمە ڕاستییەک و مەترسییەکیشە کە زیاتر لە ھەر شتێکی دیکە ھەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، وتیشی: ڕژێمی زایونی پەلەقاژەی ئەوەیەتی کە بە دوژمن داتاشینی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی بە جۆرێک سیاسەت و ھەنگاوە نایاساییەکانی خۆی پاسا داتەوە.

زەریف ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە، ئەمریکییەکان بەردەوام لە شەڕھەڵایساندنەکانی ئیسرائیل دا ڕۆڵێکی کارایان ھەبووەو بەداخەوە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناڤینی ئەمریکا ھەتا ئێستا بە دەوری بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایونی دا خولاوەتەوە.

سەرپەیڤ