May 22, 2020 10:35 Asia/Tehran
  • سەرۆکی ھێزی دادی ئێران: سەرزەوینی فەلەستین، مافی خەڵکی ئەو سەرزەوینەیە

سەرۆکی ھێزی دادی ئێران وتی: چارەی خۆنووسین مافی جەماوەری فەلەستینە و ھیچ ملھوڕێک لە دنیادا ناتوانێ ئەم مافەیان لێ زەوت کات.

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆکی ھێزی دادی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیانناەمەیەک دا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە، وتیشی: ئارمانجی بەرەڤانی کردن لە چەوساوەیی فەلەستین، ئارمانجێکی جیھانییەو لە بەر بوونی ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان لە قودسی پیرۆزدا، ئەم بابەتە گرینگایەتییەکی زیاتری پەیدا کردووە.

ڕییسی وتیشی: دوای تێپەڕینی دەیان ساڵ، ئارمانجی فەلەستین ھێشتاش ھەر زیندووە ھەتا سڕدرانەوەی ڕژێمی زایونی و سەندرانەوەی مافی ڕەوای جەماوەری فەلەستین ھەروا بە زیندووییش دەمێنێتەوەو سەرباری ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا گەڵاڵەی جۆربەجۆری وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ لەباربردنی ئەم ئارمانجە لەژێر ناوی وەک «سەودای سەدە» پێ و شوێن دەگیردرێت، بەڵام جەماوەری خۆڕاگری فەلەستین بەرەڤانی کردن لەم ئارمانجە بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن.

دوایین ھەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بە پێی دەستپێشخەرییەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕۆژی جیھانیی قودس ناودێری کراوە.

ڕۆژی جیھانیی قودس ئەمساڵ ٢٢ی مای ٢٠٢٠ ڕێککەوتە لەگەڵ ٢٨ی ڕەمەزانی ١٤٤١ی کۆچیی مانگی.