حوزه‌یران 24, 2020 22:03 Asia/Tehran
  • موسەوی: تەواوی وڵاتان دەبێ پابەندی خەباتی دژی تیرۆریزم بن

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە تێکھەڵچوونەکان لە نزیکی سنوورەھاوبەشەکانی ئێران و تورکیا لە نێوان چەکدارانی تیرۆریست و ھێزەکانی سوپای تورکیا وتی:تەواوی وڵاتان دەبێ پابەندی خەباتی دژی تیرۆریزم بن.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە جەختی کرد، بە گوێرەی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیاوە بڵاو بوونەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە تێکھەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان تاقمە تیرۆریستەکان و ھێزەکانی سوپای تورکیا لە سنووری ھاوبەشی نێوان ئێران و تورکیا ڕووی داوە کە لە ئەنجام دا دوو سنوورپارێزی تورکیا بریندار بوونە کە بە گوێرەی ھەواڵەکانی سەرچاوە تورکییەکان یەکێکیان لە بەر قوڵ بوونی برینەکانی گیانی لە دەست داوە.

موسەوی ڕاشیگەیاند: وەک سنوورپارێزانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە باسیان کردووە، لە درێژەی ئەو تێکھەڵچوونانەدا گوللـە ھاوەنێکیش لە نێو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا داکەوتووە کە بەختەوەرانە ھیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ڕەھەندە جۆربەجۆرەکانی ئەم ڕووداوە لە لایەن بەرپرسانی پاراستنی سنوورەکانی ئێران و تورکیاوە خەریکی تاوتوێ دەکرێت، لەگەڵ لێقەوماوانی ئەم ڕووداوە ھاودەردی دەربڕی.

موسەوی وێڕای شەرمەزار کردنی ھاتوچۆی تیرۆریستان لە نێوان دوو وڵات و ھێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ھێزەکانی سنوورپارێزو لەشکریانی ئێران و تورکیا پێی داگرت: خەباتی دژی تیرۆریزم دەبێ ھەنگاوێکی جیھانی بێت و ھەتا کاتێک کە داکۆکیی بڕێک لە وڵاتان لە  تیرۆریستان بەردەوام بێت، بەداخەوە ئەم جۆرە تاوانکارییانەش بەدی دەکرێت.

سەرپەیڤ