نیسان 21, 2017 12:53 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: ئەورووپا بەپێوەری نازیستی و فاشیستی لەگەڵ تورکیا دەجوڵێتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا وتی: ئەورووپا بە پێوەری نازیستی و فاشیستی لەگەڵ تورکیا دەجوڵێتەوەو ناکرێ ئەو کارەی دەیکات بە شتێکی دیکەی جگە لە شەڕێکی کە دژبە تورکیا وەڕێی خستووە پێناسە بکەین .

بە پێێ ڕاپۆرتی فرانس پرێس ؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" ڕۆژی پێنجشەممە وتیشی: وەکوو سەرۆک کۆماری تورکیا بایەخ بەو شتەی دەدەم کە خەڵکی تورکیا دەیانهەوێ، نە ئەو شتەی کە یەکێتیی ئەورووپا دەیهەوێ، کەوایە خەڵک ئەگەر بیانهەوێ سزای ئیعدام لە تورکیا سەر لە نوێ دابنرێتەوە، من هەوڵی خۆم دەدەم و هەڵوێستەکانی یەکێتیی ئەورووپا هیچ بایەخ و ماناییەکی بۆ دەوڵەتی تورکیا نابێ.
ئەردوغان هەروەها پێی داگرت؛ یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنەکەی خۆی لەمەڕ قەیرانی پەنابەران بەجێ نەهێنا و بودجەی پێویستی نەخستە بەردەستی تورکیاوە، بەڵام لەهەمبەردا دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا ٢٥ ملیار دۆلاری خەرجی ئەو پە نابەرانەی کردووە کە لەم وڵاتەدان.
ناوبراو سەبارەت بە ئەنجامی گشتپرسیی چاکسازیی یاسای بنەرەتیی ئەم وڵاتە وتی: چاکسازی لە یاسای بنەڕەتی لەبەر شەخسی ئەردوغان  لە تورکیا نەبووە، بەڵکوو ئەوە خواست و ویستی گەلی تورکیا بووە.
ئەردوغان هەروەها سەبارەت بە داهاتی وڵاتەکەی پاش گشتپرسی وتی: ساڵی ٢٠١٩ ساڵێکی جیاواز بۆ گەل و دەوڵەتی تورکیا دەبێ و پاش ئەوە تورکیا باشترین پێگەی لە کۆمەڵگەی جیهانی بە خۆیەوە دەبینێ.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەرەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە بێ ئاماژە بە ئامادەبوونی نایاسایی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە ئێراق و سووریا بانگەشەی کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دووی ئەوەدایە کە دزە و دەسەڵاتی خۆی لە ئێراق پەرە پێ بدات.