نیسان 21, 2017 21:12 Asia/Tehran
  • ڕاگەیێندرانی ئەنجامی ڕیفراندۆمی١٦ی ئاڤریل، بەردەوامیی کێشەی سیاسی وکۆمەڵایەتی لە تورکیا

دادگەی یاسای بنەڕەتی ناتوانێ ئەنجامەکانی ڕیفرانفدۆم بباتەژێر پرسیار.

ئەو ڕستەیە بەشێکە لە لێدوانی بەکیر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا کە ڕایگەیاند؛ دادگەی یاسای بنەڕەتیی تورکیا بۆی نییە لێکۆڵینەوە بکای لەبارەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی١٦ی ئاڤریل.

وەزیری دادی تورکیا هەروەها بەئاماژە بە داوای پارتی کۆماریخوازی گەل بۆ هەڵوشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆمی ئەم دواییە، پێی داگرت؛ بەپێی دەستوری تورکیا، دادگەی باڵا هیچ ماف و دەسەڵاتێکی بۆ پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم نییە.

بەڵام بەبڕوای ڕێبەرانی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەنجامەکانی ریفراندۆم دەستکاری کراوە. لەو ڕووەوە، لەڕۆژانی ڕابردوودا ڕایانگەیاند کە لەهەموو ڕێگاو توانا یاساییەکان بۆ تووشی کێشەو ئاستەنگ کردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم کەڵک وەردەگرن.

بەکیر بوزداغ پێی وایە، بەگوێرەی دەستور، بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دوابڕیارەو هیچ بەرپرسێک ناتوانێ ئەو بڕیارانە بباتە ژێر پرسیار. بۆیە، بەقسەی ناوبراو بێتوو وەها داوایەک لە دادگەی یاسای بنەڕەتی بکرێ، ئەو دەزگەیە هیچ چارەیەکی نابێ جگە لە ڕەت کردنەوەی.

خاڵی ڕاست ئەوەیە کە بەڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی١٦ی ئاڤریل، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی  تورکیا بەئاشکرا ڕایانگەیاند؛ لەو ڕووەوە کە ڕەوتی دەنگدان بەرەوڕووی کێشەو گرفت بووەوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەڕەسمییەت ناناسێ. دوای ئەوە بوو کە هەزاران کەس لە نەیارانی چاکسازیی دەستور هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان بە ڕاگەیێندرانی ئەنجامی ریفراندۆم ڕاگەیاند. ئەو خۆپێشاندانانە هەروا بەردەوامەو ترسی ئەوە هەیە کە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ لەکۆمەڵگای تورکیادا بەدی بێنێ. پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی ساڵی ڕابردوو و پرسی قەڵاچۆ و گرتن ولەبەندکردنی ئەنجامدەرانی کودەتاو هەروەها پاکتاوکردنی دەزگە جۆربەجۆرە دادەوانی، کارگێڕی، ئاسایشییەکان و پۆلیس وکۆمەڵگای زانکۆیی لەلایەنگرانی کودەتاو گرووپی فەتحوڵا گولەن کە حکومەتی ئانکاڕا ئەو گرووپە بەئەنجامدەری کودەتا دەزانێ، کۆمەڵگای تورکیا لە بەرزەخی ناهێمنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دایە. بەتایبەت کە حکومەتی تورکیا هاوکات لەگەڵ سەرکوت کردنی لایەنگرانی گولەن بە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) بەردەوام کردو لەو ڕێگایەوە، بەئاشکرا دەستی کرد بە دانانی بەرتەسکییە سیاسیەکان بۆ ڕێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا. ئەو پارتەی بەداکۆکی لە کوردەکان وپەکەکە ناسراوەو لە کایەی سیاسەت و دەسەڵات لە تورکیا پاش پارتی کۆماریخوازی گەلی ئەو وڵاتە دووهەم پارتی نەیاری حکومەتی ئەردۆغان دیتەئەژمار.

بەڵام هەتا پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم نەیارەتییەکانی پارتی کۆماریخوازی گەل لەگەڵ بڕیاری حکومەت لە هەموارکردنی یاسیا بنەڕەتی و گۆڕینی سیستەمی حکومەتی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی ، لەژێر کارتێکەریی ڕەفتاری حکومەتی ئانکاڕا لەگەڵ کوردەکانی تورکیا، گرووپی گولەن و ڕێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی ئەو وڵاتەدا بوو. بەڵام ئێستا گەورەترین پارتی ڕەخنەگری حکومەتی تورکیاش لە نەیارەتی لەگەڵ حکومەت و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی گشتپرسی هاتووەتە گۆڕەپان. بەتایبەت کە پێداگری ئەو پارتە لەسەر پرسی پێشێلکاری و ساختەکاری و شەفاف نەبوونی گشتپرسی، لەلایەن چاودێران و دەزگە ڕۆژاوایی و ئوروپییەکان پشت ڕاست کراوەتەوەو ئەوەش کێشەو ئاستەنگە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانی بەردەم ڕێبەرانی حکومەتی ئانکاڕا پەرە پێ دەدات. لەو ڕووەوە، کاردانەوەو لێدوانە بەراییەکانی ڕێبەرانی تورکیا لە ڕەت کردنەوەی بانگەشەو ئیدیعای نەیارانی گشتپرسی ، مەنتقی ترین کاردانەوە دێنە بەرچاو. بەڵام پێش بینی دەکرێ ، بێتوو وەها شک و دڕدۆنگی لەڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ریفراندۆمی١٦ی ئاڤریلدا بەردەوام بێت، شێوەی ئاخاوتن و چۆنیەتی هەڵس وکەوتی کاربەدەستانی تورک لەگەڵ نەیارانیش بگۆڕێ. ئەوە ئەو بابەتەیە کە ڕێبەرانی ئانکارای دڵگران کردووە. بەتایبەت کە کەڵک وەرگرتن لە مستی ئاسنین لەبەرەوڕووبوونەوەی نەیاران ڕەفتاری پێش بینی کراوی کاربەدەستانی حکومەتەو ئەو ڕەوتە دەتوانێ پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەو سەرجەم بڕیاردەران و لیژنەی دەسەڵاتدار بەگژ هەموو دەورگێڕانی دەسەڵات و سیاسەتدا بدات. ئەو ڕەفتارەی کە ئەنجامەکەی لەجیاتی بەهێزکردنی سەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک ئامانجی سەرەکیی چاکسازییەکان، دەکرێ درێژەی کێشە هەتا داهاتووی نادیار لەداڕشت و پێکهاتەی کۆمەڵگای تورکیای لێ بکەوێتەوە.