May 17, 2017 20:43 Asia/Tehran
  • ئەردوغان لە ئەمریکا بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیدار لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی لە ڤاشێنگتۆن بە هیچکام لە ئامانجەکانی خۆی لە بارەی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەی نەگەییشت.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان کە بە مەبەستی وتووێژ لە بارەی پرسی ئاسایشیی سەردانی ڤاشێنگتۆنی کرد بوو ، ڕۆژی سێ شەممە لەگەڵ دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دیداری کردو لە کۆتایی ئەم دیدارەدا هەردووک لا ڕوانگەکانی خۆیان لە بارەی تەوەرەی باسەکەیان شی کردەوە.

کردەوەی ئەمریکا لە مەڕ پڕچەک کردنی کوردەکانی سووریاو بەکار هێنانیان لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی ڕەققەو هەروەها ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن کە ئانکارە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کودەتا سەرنەکەوتوەکەی ئەم دواییەی تورکیادا دەستی هەبووە دوو بابەتی گرینگ بوون کە ئەردوغان بەتەما بوو لە بارەیانەوە لەگەڵ ترەمپ قسە بکات.

بەڵام  وادیارە ئەردوغان بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە. بەرلە سەردانەکەی ئەردوغان لە ڤاشێنگتۆن بینالی یێڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتبووی: ئەگەر ئەمریکا دەستەبەری پێویست لە بارەی کێشەی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەی نەدات، کاردانەوەی ئانکارا ڕوون و بەبڕشتتنە دەبێت.

ترەمپ لەم پرێس کۆنفرانسەدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بکاتە باسی پڕچەک کردنی  کوردەکانی سووری وتی : ئەردوغانی دڵنیا کردووەتەوە کە ئەو کەرەستەو تفاقەی داوای کردووە دەستبەجێ دەگاتە تورکیاو ئەمەش لەوانەیە بەو واتایە بێت کە ئەمریکا بۆ بێ دەنگ کردنی تورکیا لەم بارەیەوە هەوڵی داوە بە خێراکردنەوەی ڕەوتی فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە ئانکارا هاوسەنگییەک بەدی بێن. ئەمە جیا لەوەی کە ترەمپ لە درێژەدا پێی داگرتووە  کە لە خەباتی ئانکارا دژی داعش و پەکەکە پشتگری دەکات هەتا پرسی پڕچەک کردنی کوردەکانی سووریا کەمترین شوێن لە سەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵات دابنێت.

لە بارەی پرسی ڕادەست کردنەوەی گولەنیشەوە ئەردوغان لە پرێس کۆنفرانسەکەی لەگەڵ ترەمپ دا وتوویەتی: ڕاشکاوانە خەریکی ڕاوێژین لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاییستم و دۆستانی خۆمانمان لە بارەی کودەتاکەی پانزەی ژووییە لە تورکیا ئاگادار کردووەتەوە.

ئەم وتانەی ئەردوغان ئەوەش دەردەخات کە پرسی ڕادەست کردنەوەی گولەن بە تورکیا بە دوور دەزانرێت. لە ڕوانگەی کاربەدەستانی ئەمریکییەوە پرسی فەتحوڵڵا گولەن بابەتێکی مافەوانییەو دەوڵەتی ئەمریکا ناتوانێ کارێکی ئەوتۆ لەم بوارەدا ئەنجام بدات.