ته‌مووز 17, 2017 17:28 Asia/Tehran
  • کوژرانی سێ ئەندامی پەکەکە لە هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا

لانیکەم سێ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتە لە ناوچەی سنووری لەباکووری ئێراق کوژران.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی ئێن تی ڤی تورکیا، رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەو وڵاتە بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لەناوچەی زاپ لەباکووری ئێراقیان بۆردومان کرد.

لەو پەلامارە ئاسمانییە جگە لە کوژرانی سێ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، خەسارێکی زۆریش لە کەرەستەکانی ئەو گرووپە کەوت.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا ١١٥ کەس لە لایەنگرانی گولەن لەپارێزگای تەکرداغ لەباکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتەیان قۆڵبەست کرد.

لەهەمان کاتدا، دادئەستێنی تەکرداغ فەرمانی گرتنی١٢٧ کەسی دیکە لەوان ژمارێک لە ئیمام جەماعەتەکان، بازرگانان، مامۆستایان، پزشکان و ئەندامانی پۆلیسیشی تۆمەتی لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ تاقمی گولەن، دەرکردووە.

تەلەفزیۆنی ئێن تی ڤی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند، سێ ژنی تورکی ئەندامی گرووپی تەکفیریی تیرۆریستیی داعش لەمووسڵی ئێراق قۆڵبەست کراون.