ئاب 10, 2017 10:23 Asia/Tehran
  • ڕازی بوونی تورکیا بە سەردانی ئەڵمانییەکان لە بنکەی ئاسمانیی

بە ناوبژیوانیی ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) دەوڵەتی تورکیا ئیزنی دا بە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمان سەردانی بنکەی ئاسمانیی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە قونییە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرناو بە گێرانەوە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی حوڕییەت؛ دەوڵەتی تورکیا ئیزن دەدا بە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمان بۆ ئەوەی سەردانی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بکەن کە لە بنکەی ئاسمانیی ناتۆ لە قونیەدا سەقامگیرن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان لە نامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئیزنی سەردانی بنکەی ئاسمانیی قونییە بۆ مانگی داهاتووی زایینی دەرکراوە.

بە پێی هەر ئەم ڕاپۆرتە؛ "زیگمار گابرییەل" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان لە نامەیەکدا ڕوو لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرەڤانیی پەرلەمانی ئەم وڵاتە نووسی کە تورکیا ئیزنی داوە بە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمان کە ڕۆژی هەشتەمی سێپتەمبەر سەردانی بنکەی ئاسمانیی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە قونییە بکەن.

نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، دەوڵەتی تورکیا ئیزنی دەرکرد بۆ حەوت نوێنەری پەرلەمانی ئەڵمان کە سەردانی بنکەی سەربازیی ناتۆ لە قونیە بکەن، بەڵام چەن ڕۆژ پێش بەڕێ کرانی ئەو نوێنەرانە، تورکیا ئەو ئیزنە دەرکراوەی هەڵوەشاندەوە.

پێوەندییەکانی ئەڵمان و تورکیا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەتایبەت پاش کۆپرسییەکەی ئەمدواییەی یاسای بنەرەتیی تورکیا تەواو ئاڵۆز بووە و کاربەدەستانی دوو لایەن قسە و لێدوانی توندیان دژ بە یەکتری کردووە تا ڕادەیەک کە "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا چەندین جار دەوڵەتی ئەڵمانی تۆمەتبار کردووە بە لایەنگری کردنی نازیسم، نەتەوەخوازی توندڕەوانە، دژایەتی کردنی بیانییەکان و ترساندن لە ئیسلام.