ئه‌یلوول 10, 2017 19:26 Asia/Tehran

ناڕەزایەتی دەربڕین بە پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشە و هەروەها کەسایەتی سەرۆک کۆماری تورکیا لەبەر زەخت و گوشاری سەر نەیاران و قۆڵبەست کرانی رۆژنامەوانان، تاوی سەندووە.

بەپێی ڕاپۆری رادیۆ تورکی ئەستەمووڵیی دەرەوەسنووری، ئەندامانی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی ئازادی تورکیا بەگردبوونەوە لە ناوچەی کادیکۆی ئەستەمووڵ، خوازیاری ئازادیی رۆژنامەوانانی بەندکراو بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ تاقمی گولەندا بوون.

ئەندامانی کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی ئازاد بانگەوازی خەڵکیان کرد، لە رۆژی بەڕێوەچوونی دادگەی تاوانباران، لە رۆژنامەوانانی زیندانی داکۆکی بکەن.

پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی تورکیا لە ژوولای ساڵی ڕابردوو زیاتر لە١١٠هەزار کەس بۆ وێنە هەزاران ئەفسەری سوپاو پۆلیس لەسەر کار لابردران و چالاکی زیاتر لە٣٢هەزار کەسی دیکە لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی هەڵپەسارد.

لەو ماوەدا هەروەها دەیان رۆژنامەوان و ١٤نوێنەری پەرلەمان زیندانی کراون و زیاتر لە١٤٠میدیاش داخراون.

حکومەتی تورکیا ئیدیعا دەکا، گولەن داڕێژەری سەرەکیی ئەو کودەتایەیە بەڵام گولەن بەڕەت کردنەوەی ئەو ئیدیعایە دەڵێت، حکومەتی تورکیا بەم بیانووە لەهەوڵی سەرکوت کردنی نەیاران و بوارخۆش کردن بۆ دەسەڵاتی زیاتری سەرۆک کۆمار وپارتی دادوگەشەیە.