ئه‌یلوول 13, 2017 09:35 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی١٧پارێزەر لە تورکیا

هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا لە درێژەی گرتن و قۆڵبەست کردنەکان لەو وڵاتە، ١٧ پارێزەری گرت.

بەپێی ڕاپۆری فرانس پرێس، ئەو ١٧ پارێزەرە، ئەرکی پارێزەریی بۆ دوو بەندکراوی تورکیان لەئەستۆیە کە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە مانیان لەخواردن گرتووە.

نوریە گولمەن مامۆستای زانکۆ و سەمیح ئوزاکوجا ، مامۆستا لە زیندانی تورکیادا مانیان لەخواردن گرتووە.

ئەو دوو کەسە پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی ساڵی٢٠١٦ لەدژ حکومەتی تورکیا، لەسەر کارلابران و قۆڵبەست کران.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ و هەروەها مامۆستایەکی قوتابخانەش بەهاوکاری لەگەڵ تاقمی گولەن تاوانبارن.

بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەڵێن؛ نزیک بە١٧٠هەزار کەس لەگەڵ تاقمی فەتحوڵڵا گولەن لەپەیوەندیدابوونە و ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ لە کودەتا ناسەرکەوتووەکەی١٥ی ژوولای٢٠١٦ دەوریان بووە.

دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات ؛ "فەتحوڵڵا گولەن" بە دزە کردنە نێو دام و دەزگەکانی دادەوانی، سەربازی، فێرکاری و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکان، کودەتای بێ ئاکامی ١٥ ژولایی وەڕێخستووە. بەڵام گولەن ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

دەم ودەزگە ئاسایشی و دادەوانییەکانی تورکیا لەسەر فەرمانی ئەردۆغان لەکاتی ڕوودانی کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی ڕابردوووە، وێڕای گرتنەبەری باری نائاسایی لەو وڵاتە، زیاتر لە پەنجا هەزار کەسیان گرتووەو نزیک بە١٥٠هەزار کەسیشیان لە ئیدارە دەوڵەتییەکان دەرکردووە.