تشرینی یه‌که‌م 10, 2017 16:27 Asia/Tehran
  • نیگەرانی ئەنقەرە لە بڕیاری ئه‌مریکا بۆ ڕاگرتنی ڤیزای هاوڵاتیانی تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی ڤیزا بە هاوڵاتیانی تورکیا راگەیاند.

به‌ پێی  ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهربە گێڕانەوە له‌ ئاناتۆلی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بڕیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ڤیزا لە تورکیا بڕیارێکی زۆر بێزارکەره‌ و لێپرسراوانی تورکیا پەیوەندییان بە هاوتا ئەمەریکییەکانیانەوە کردووە سه‌باره‌ت به‌و کێشەیە.

ئه‌و وتیشی : پێش هەموو شتێک ئەو هەنگاوە بڕیارێکی بێزارکەرە کە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە لە ئەنکەرە گیراوەتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پەیوەندی کردووە بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە سەبارەت بەو بڕیارەی واشنتۆن، کە ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی تورکیا ڕاگرتووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی دا: تورکیا دەوڵەتێکی یاساییە. پێش ھەموو شتێک ئێمە ھۆز نین، دەوڵەتێکی ھۆز نین. ئەو دەقەی ئەوان بڵاویان کردووەتەوە، باڵیۆزی ئێمەش لە ئەمریکا بە ھەمان شێوە لە بەرامبەر ئەمە دەقی خۆی بڵاو کردووەتەوە. قۆناغەکە تەنھا ئەمەیە و  ئەم بڕیارە زۆر جێگەی دڵگرانییە. واتە بڕیاری باڵیۆز ئەمریکا لە شاری ئەنقەرە زۆر ناڕاحه‌تی کردین.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ که‌ باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕایگه‌یاند که‌ هەموو جۆرە ڤیزایەکی بۆ هاوڵاتیانی تورکیا ڕاگرتووە جگە لە حاڵه‌تی کۆچ کردن نه‌بێت.باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تورکیا لە زیادی کرد: ڕوداوەکانی ئەم دواییە حکومەتی ئەمەریکای ناچار کردووە پێداچوونەوە بکات بە پابەندبوونەکانی تورکیا بە ئاسایشی باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی ئەمەریکا و فەرمانبەرەکانی لەو وڵاتە.

شایانی باسه‌ که‌ ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و تورکیا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ به‌رز بوونه‌وه‌ دایه‌.