له کۆنیا 30 سه‌ربازی تورکیا ده‌ستگر ده‌کرێن
دوای هه‌وڵی کوده‌تایه‌که‌ی 15ی ته‌مووز له تورکیا، حکوومه‌ت بڕیاری دا هه‌موو دام و ده‌زگاکانی خۆی له سه‌رانی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن پاک بکاته‌وه، چونکه ئه‌وی تۆمه‌تبار کرد به ئه‌نجامدانی ئه‌و کوده‌تایه. به‌ڵام تاوه‌کو ئێستە حکوومه‌تی ئاک‌پارتی نه‌یتوانیوه به ته‌واوی گوله‌نییه‌کان له‌ناو ده‌زگا هه‌ستیاره‌کانی ده‌وڵه‌ت پاک بکه‌نه‌وه.
رۆژانه ئۆپه‌راسیۆن بۆ ده‌ستگیرکردنی سه‌ربازانی تورکیا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازانه دان به‌وه‌دا نانێن سه‌ر به گوله‌ن بن. ئه‌مڕۆش له 2 ئۆپه‌راسیۆنی گه‌وره‌دا له کۆنیا، ئاسایشی ئه‌و شاره 30 سه‌ربازی ده‌ستگیر کردووه و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی داونه‌ته پاڵ به نهێنی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت هه‌بێت، که فه‌تحوڵڵا گوله‌ن به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی ئاساییشی کۆنیا، توانیویانه 30 سه‌رباز ده‌ستگیر بکه‌ن که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌تدا هه‌بووه، به‌ڵام 40 سه‌ربازی تریش فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه و تاوه‌کو ئێستە نازانرێت له کوێ خۆیان شاردووه‌ته‌وه.
پێشتریش چه‌ند رۆژنامه و شاره‌زای سه‌ربازی تورکیا ئاشکرایان کردبوو، که تاوه‌کو ئێستەش 40%ی که‌رتی سه‌ربازی به نهێنی سه‌ر به فه‌تحوڵڵا گوله‌نن، به‌ڵام حکوومه‌تی تورکیا نه‌یتوانیوه ده‌ستگیریان بکات، چونکه به‌ڵگه‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.