تشرینی دووه‌م 11, 2017 10:03 Asia/Tehran
  • بڕیاری گیرانی عوسمان بایدەمیر دەرکرا

بڕیاری گرتنی عوسمان بایدەمیر وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا(هەدەپە) و نوێنەری شاری شانلی ئۆرفا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەلایەن دادگەی ڕاگەیشتن بە دۆسییەی تاوانەکانی ناوبراو، دەرکرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، دانیشتنی ڕاگەیشتن بەتاوانەکانی عوسمان بایدەمیر وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا(هەدەپە) بێ ئامادەبوونی ناوبراو و بەئامادەبوونی پارێزەرەکانی لەلقی پێنجەمی دادگەی شانلی ئۆرفا بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، دادگەی شانلی ئۆرفا ، بڕیاری گرتنی بایدەمیر بۆ ئامادەبوون لەدادگەو وەڵامدانەوە بە تاوانی"پڕووپاگەندە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان" ی دەرکردووە.

عوسمان بایدەمیر شەشی ئۆکتۆبریش لە لقی چوارەمی دادگەی دیاربەکری تورکیا بەتاوانی سووکێتی بە بەرپرسانی حکومەتی ١٧ مانگ بەندکرانی بۆ بڕابۆوە.

ئانکارا پاش کودەتا بێ ئەنجامەکەی پانزەی ژوولای٢٠١٦، یاسای پارێزراویی سیاسیی نوێنەرانی پەرلەمانی هەڵوەشاندو پاشان، ژمارێکی زۆر نوێنەری بانگ کردە ناوەندە دادەوانییەکان، بەڵام نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا، خۆیان بوارد لە ئامادەبوون لە ناوەندە دادەوانییەکان.

دوابەدوای ئەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەک داغ هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەگەڵ نۆ کەس لە نوێنەرانی ئەو پارتە لە سەرەتای مانگی نۆڤمبەری٢٠١٦ قۆڵبەست کران و ئێستاش لە زیندان دان.

ئانکارا هەروەها پاش کودەتا ناسەرکەوتووەکەی تورکیا، زۆربەی لەشکرییان، هونەرمەندان، نووسەران و بەرپرسانی سیاسی نەیاری بەتۆمەتی ئەندامبوون لە تاقمی گولەنداو دەستتێدابوونیان لە کودەتا قۆڵبەست کردووە.

سەرپەیڤ