تشرینی دووه‌م 13, 2017 21:05 Asia/Tehran
  • دەسپێبوونی دادگەییکرانی گومانلێکراوانی پەلاماری سەر فرۆکەخانەی ئەستەمووڵ

دادگەییکرانی زیاتر لە چل گومانلێکراو کە بەتۆمەتی دەستتێدابوونی شیمانەیی لە هێرشی ژۆئەنی٢٠١٦ی سەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئەستەمووڵ، چەندین سزای لەبەندکرانی تاهەتاییان بۆ دەردەکرێ، ئەمڕۆ دووشەممە دەس پێ کرا.

هەواڵدەریی ئانادۆلۆ ڕایگەیاند؛ ٤٦ کەسی گومانلێکراو کە چل و دوو کەسیان بەشێوەی کاتی لەزینداندان  و چوار کەسیشیان هەروا لەژێر چاودێری و پێوشوێن گرتن دان، لە ڕۆژی دووشەممەوە واتە ئەمڕۆ لە سیلیوری لەنزیک ئەستەمووڵ دادگەیی دەکرێن.

شازدە کەس لەوان خەڵکی وڵاتی ڕووسیان و لەنێویاندا خەڵکانی چێچێن، تونس، میسر، جەزاییر، سووریاو تورکیاش هەیە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە لە ئەستەمووڵ، ئەو هەواڵدەرییە ڕایگەیاند؛ ئەگەری ئەوە هەیە کە چل و شەش بڕیاری لەبەندکرانی تاهەتایی بەتۆمەتی" هەوڵدان بۆ تێکدانی سیستەمی یاسای بنەڕەتی" و"کوشتار" دەربکری و یان ٢١٣٢یان٣٣٤٢ ساڵ زیندان بەتۆمەتی وابەستەبوون بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و دامەزراندن و بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەبەرچاو بگیردرێ.

هێرش بۆسەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئەستەمووڵ کە لە مەرگهێنترین پەلامارەکانی سەر تورکیا دێتە ئەژمار، سەرلەئێوارەی٢٨ی ژۆئەنی٢٠١٦ ڕووی دا. لەو پەلامارەدا سێ پیاو تەقەیان لەو خەڵکانە کرد کە لە هۆڵی فڕۆکەخانەی ئاتاتورکی ئەستەمووڵ بوون و پاشان پشتێنی تەقینەوەیی خۆیانیان تەقاندەوە. ئەو هێرشە کوژرانی٤٥کەس بۆ وێنە، ١٩ کەسی بیانی لێکەوتەوەو ١٦٣کەسیشی بریندار کرد.

کەس یان گرووپێک بەرپرسایەتی ئەو پەلامارەی نەگرتە ئەستۆ بەڵام ئانکاڕا خستوویەتییە مل گرووپی تەکفیریی-وەهابیی داعش.