کانونی یه‌که‌م 07, 2017 12:57 Asia/Tehran
  • دوای ٤٠٠ ڕۆژ لە زیندانی کرانی، دادگایی کردنی دەمیرتاش بە ئامادەبوونی خۆی دەستی پێ کرد

دوای تێپەڕینی چوارسەد ڕۆژ لە زیندانی کرانی، ئەمڕۆ یەکەمین دادگایی کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە بە ئامادەبوونی خۆی دەستی پێکرد.

دادگایی کرانى  سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەناو بیناى زیندانى سینجان لە ئانکارا بەڕێوەدەچێت، واتە هەر ئەو شوێنەی کە فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەشی تێدا دادگایى کرا.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایی کردنی  سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا، پارێزگارى ئانکارا هەموو جۆرە چالاکی و پشتگیرییەکى بۆ دەمیرتاش و فیگەن لە ئانکارادا قەدەغە کرد.

دادگایی کردنی دەمیرتاش لەکاتێکدایە کە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، لە دادگای میدیاتی سەر بەپارێزگای مێردین بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی کرا، بەڵام بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەری لەو تۆمەتانە بەبێ تاوان دەرچوو.

تائێستا داواکارى گشتیی تورکیا بەتۆمەتی جیا جیا، ٩٣ سکاڵای دژى دەمیرتاش تۆمارکردووە و داوای دوو جار زیندانیی ھەتا ھەتایی و ٤٨٦ ساڵ زیندانی بۆ  دەکات، تائێستاش پرۆسەى دادگایى لەسەر ٩٢ سکاڵاکەی دیکە بەردەوامە.

ڕۆژى ٤ى ١١ی ساڵی ٢٠١٦، پۆلیسی تورکیا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا و ١١ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حزبەی دەستگیرکرد.